ئەڵمانەکان داوای دەرکردنی رودیگێر دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

ئەڵمانەکان هێرشێکی تووند دەکەنە سەر ئەنتۆنیۆ رودیگێری بەرگریکاری هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و هەڵسوکەوتەکانی لەنێو یاریگادا بە "دیمەنی قێزەون" ناودەنێن و تەنانەت هەندێکیان داوای دەرکردنی لە هەڵبژاردەی مانشافت دەکەن.
 
 رەفتارەکانی رودیگێر لە ئەڵمانیا دەبنە مایەی رەخنە و تووڕەیی ئەفسانەکان، میدیاکان و هاندەرانی تۆپی پێ و دەڵێن "یان دەبێت خۆی چاکبکات و دوورکەوێتەوە لە رەفتارە منداڵانە و نابەرپرسەکانی، یان نابێت رێگەی پێبدرێت ناوبانگی تۆپی پێی ئەڵمانیا ناشیرین بکات".
 
لە ئەڵمانیا رەخنەکان دژی ئەنتۆنیۆ رودیگێر، بەرگریکاری یانەی ریال مەدرید روو لە زیادبوونن، ئەوەش بەهۆی رەفتارەکانی لەنێو یاریگەدا؛ بەشێک لە چاودێرانیش پێیانوایە 'سەرکێشییەکان'ـی ئەو یاریزانە دەبنە بەربەست، سەرەڕای ئەوەی لەڕووی هونەری و تەکنیکییەوە یاریزانێکی ئاستبەرزە.
 
رۆژنامەی  ئەی ئێسی ئیسپانی چەند رەخنەیەکی ئاراستەکراوی ئەو یاریزانە نێودەوڵەتییەی ئەڵمانیای بڵاوکردووەتەوە، لەوانەش رۆمان ڤایدنفێلەر، گۆڵپارێزی پێشووی یانەی بۆرووسیا دۆرتمووند، کە سەبارەت بە رەفتارە تووندوتیژەکانی رودیگێر دەڵێت "ئەمانە دیمەنی قێزەونن و نابێت ببنە بەشێک لە تۆپی پێ، پێویستە ئەو یاریزانە خۆی کۆنتڕۆڵ بکات".
 
گۆڵپارێزی پێشووی ئەڵمانی، هەروەها دەڵێت "ئەم بابەتە گفتوگۆی ناوێت.. ئەو نوێنەرایەتی ئەڵمانیا و نوێنەرایەتی خۆشی دەکات، ئەم جۆرە رەفتارانە شوێنیان لەنێو یاریگادا نییە".
 
هاوکات مایکل بالاک، ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانیا هۆشداری لە دووبارەبوونەوەی ئەو رەفتارە ناشیرینانەی رودیگێر دەدات و دەڵێت "ئەگەر بەتەواوی کۆنتڕۆڵ نەکرێت و کارتە زەرد و سوورەکان رێگریی لێ نەکەن، لەوانەیە رەفتارەکانی ببنە کێشە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری کۆتایی لای راهێنەرە".
 
لایەنە سیاسییەکانیش هاتوونەتە نێو بابەتەکە؛ مارکۆس زۆدەر، سەرۆکوەزیرانی ویلایەتی باڤاریا لەبارەی رەفتارەکانی رودیگێرەوە رایگەیاند "لە روانگەی دروستیی سیاسییەوە، نابێت یاریزانێکی لەو شێوەیە بەشداری پێ بکرێت.. بەلایەنی کەمەوە دەبێت روونکردنەوە بدات، بەڵام هەندێکجار هەبوونی یەک یان دوو یاریزانی خاوەن کەسایەتیی 'یاخی' رەنگە سوودی هەبێت".
 
لە سۆشیال میدیا ئەڵمانیاش لێشاوێک رەخنە و گلەیی ئاراستەی بەرگریکارە ئەڵمانییەکەی یانەی ریال مەدرید کراوە و ئەڵمانەکان دەڵێن "رودیگێر ئەگەر واز لەو رەفتارە منداڵانانەی نەیێنێت، پێویستە رێگەی پێنەدرێت لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەشداری لە مۆندیالدا بکات، چونکە ناوبانگی هەڵبژاردەی مانشافت لەپێش هەموو یاریزانێکەوە دێت".