ئەگوێرۆ بەسەرهاتێکی تراژیدیی خۆی لەگەڵ مێسی دەگێڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سێرجیۆ ئەگوێرۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەکانی مانچێستەر سیتی و بارسێلۆنا، بەسەرهاتێکی خۆی و لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەگێڕێتەوە و دووپاتی دەکاتەوە کە هەردووکیان زۆر حەزیان کردووە پێکەوە یاری بۆ یانەیەک بکەن، بەڵام رێکنەکەوتووە و دەڵێت "مێسی درێسی ژمارە 10ـی پێشکەش کردم، بەڵام رەتمکردەوە".
سێرجیۆ ئەگوێرۆ، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەجەنتین، باس لەو کاتە دەکات کە لیۆنێل مێسی یانەی بارسێلۆنای جێهێشت و دەڵێت "زۆر بەپەرۆش بووم بۆ ئەوەی لەگەڵ مێسی یاری بکەم، هەمیشە دەمانویست پێکەوە لە یانەیەکدا کۆببینەوە".
ئەگوێرۆ لەبارەی هەوڵەکانی بۆ بردنی مێسی بۆ یانەی مانچێستەر سیتی دەڵێت "مانچێستەر سیتی بەردەوام بەدوای مێسیدا دەگەڕا، منیش پێمدەگوت وەرە ئێرە، ئەویش وەڵامی دەدامەوە و دەیگوت 'تۆ وەرە بۆ بارسێلۆنا'. کاتێک دواجار توانیم بچمە بارسێلۆنا، تەنانەت یەک یەکەی مەشقیشمان پێکەوە ئەنجام نەدا".
ئەگوێرۆ باس لەو رۆژانە دەکات کە مێسی دڵنیایی پێداوە و دەڵێت "مێسی پێیدەگوتم 'خەمت نەبێت، بەمزووانە پێکەوە مەشق دەکەین، هەموو شتێک چاک دەبێت'، بەڵام لەناکاو رۆژێکیان لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە زانیمان مێسی بارسێلۆنا جێدەهێڵێت. بڕوام نەدەکرد، نامەم بۆ نارد و گوتم 'ئایا ئەمە راستییە؟' ئەویش وەڵامی دامەوە و گوتی بەڵێ".
ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە کە بەهۆی کێشەی دڵەوە وازی لە یاریکردن هێنا، زیاتر دەڵێت "دوای چەند رۆژێک بینیم، زۆر دڵتەنگ بوو. هەوڵمدا گاڵتەی لەگەڵ بکەم بۆ ئەوەی باری دەروونی بگۆڕدرێت، بەڵام خەمێکی زۆری پێوە دیاربوو، دووبارە دڵی پڕبووەوە. زۆر بێ ئومێد بووم کە نەمتوانی لەگەڵی یاری بکەم".
سەبارەت بەدرێسی ژمارە 10ـی یانە کەتەلۆنییەکە، ئەگوێرۆ ئاشکرای دەکات "کاتێک مێسی رۆیشت، درێسی ژمارە 10ـی پێشکەش کردم، بەڵام نەمتوانی قبوڵی بکەم و رەتمکردەوە. گوتم ئەگەر بۆ مێسی نەبێت، با هیچ کەسێکی دیکە بەکاری نەهێنێت".
سێرجیۆ ئەگوێرۆ چەند یارییەکی بەدرێسی بارسێلۆناوە کرد و تەنانەت لە یارییەکی کلاسیکۆدا گۆڵێکیشی بۆ بارسا بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکرد، بەڵام دواتر تووشی نەخۆشیی دڵ بوو، و بەناچاری بەیەکجارەکی وازی لە یاریکردن هێنا.