کۆبوونەوەیەکی نهێنی و بڕیاری بوێر هەموو شتێکی لە ریال مەدرید گۆڕی

رووداو دیجیتاڵ 

 تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا، یانەی ریال مەدرید توانی هەموو پێشبینییە رەشبینەکان پێچەوانە بکاتەوە، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا دەوری یانەکەیان دابوو. دوای ئەوەی یانە مەدریدییەکە بەهۆی دوو شکستی لەسەریەک لە خولی ئیسپانیا بەرامبەر ئۆساسۆنا و خیتافی کەوتبووە نێو تەنگژەیەکی قوڵەوە. ئێستا دیمەنەکە بەتەواوی گۆڕاوە و دروشمی 'بەدەستهێنانی خول و چامپیۆنزلیگ پێکەوە' لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ دەبیسترێت.
 
بڕیاری بوێر و شۆڕشی جەستەیی
 
بەگوێرەی شرۆڤەیەکی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئەم گۆڕانکارییە ریشەیییە بەرهەمی رێکەوت نییە، بەڵکو ئەنجامی بڕیارە کارگێڕی و تەکنیکییە یەکلاکەرەوەکانە. سەرچاوەکان لەنێو یانەکەوە دەڵێن، دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ و دەستبەکاربوونی ئەڤارۆ ئەربێلۆا وەک راهێنەر، لەگەڵ گەڕانەوەی ئەنتۆنیۆ پینتۆس بۆ سەرپەرشتیکردنی لایەنی جەستەیی، بەردی بناخەی راستکردنەوەی ئەو 'پلانە هەڵانە' بوو کە یانەکە لە سەرەتای وەرزەوە بەدەستیانەوە دەناڵاند.
 
ئەنجامەکانی ئەم گۆڕانکارییانە زوو دەرکەوتن، بەتایبەت لە گەڕانەوەی ئاستی راستەقینەی هەریەکە لە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و فێدێریکۆ ڤاڵڤێردی، کە ئێستا بزوێنەری سەرەکیی تیپەکەن.
 
کۆبوونەوەی راشکاوانە و گۆڕینی عەقڵییەت
 
لایەنی دەروونیش رۆڵێکی سەرەکی هەبوو؛ لە ژووری جلگۆڕینی یاریزانان لە ڤاڵدێبێباس، کۆبوونەوەیەکی راشکاوانە بەبێ ئامادەبوونی ئەستێرە گەورەکانی وەک بێلینگهام و ئێمباپێ ئەنجامدرا. لەو کۆبوونەوەیەدا یاریزانەکان پەیمانیان دا عەقڵییەتی خۆیان بگۆڕن و پابەندی سیستمێکی تاکتیکی بن کە پشت بەهاوسەنگی و هەوڵی جەستەیی زۆر دەبەستێت، دوور لەو 'تاقیکردنەوە تەکنیکییانەی' کە بێسوود بوون.
 
تێپەڕاندنی سیستەمەکەی گواردیۆلا
 
'شۆڕشەکەی ئەربێلۆا' لە رووبەڕووبوونەوەکانی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگدا بەڕوونی دەرکەوت. بۆ یەکەمجار، یاریزانانی ریال مەدرید زیاتر لە یاریزانەکانی پێپ گواردیۆلا رایانکرد؛ لە یاریی گەڕانەوەدا لە یاریگەی ئیتیحاد، یاریزانانی مەدرید 114.5 کیلۆمەتر رایانکردبوو، لەکاتێکدا یاریزانانی تیپە ئینگلیزییەکە 109.9 کیلۆمەتریان بڕیبوو.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر بووە سیمبولی ئەم گۆڕانکارییە، چونکە ئەو یاریزانە بوو کە زۆرترین ماوەی لە یاریی چووندا بڕیبوو، ئەمەش نیشانەی گۆڕانی عەقڵییەتی تیپەکەیە کە ئێستا تەنیا بڕوای بە 'ماندووبوون و راکردن' هەیە بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکان.
 
ئاڵنگاریی دێربی
 
ریال مەدرید بەبارودۆخێکی جیاوازەوە دەچێتە نێو یاریی  دێربیی مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید. لەکاتێکدا  رۆخی بلانکۆس بیری لای یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیایە، ریال مەدرید دەزانێت کە لە لیگادا چیدی رێگە بە هەڵە نادرێت.
 
سەرەڕای دوورکەوتنەوە و کاریگەری تیبۆ کۆرتوا، بەڵام ورەی یاریزانانی ئەربێلۆا لە بەرزترین ئاستدایە؛ ئەوان نەک هەر دەیانەوێت پێشەنگی خولەکە بپارێزن، بەڵکو دەیانەوێت تۆڵەی ئەو شکستە قورسەی  5-0ـە بکەنەوە کە پێشتر لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ تووشیان بوو، کە ئەو برینە تاوەکو ئێستاش لە یادی یاریزانان و هاندەرانی یانەکەدا ماوەتەوە.