براوەکانی باڵۆندۆر باشترینی مێژوو لەنێوان مێسی و رۆناڵدۆدا هەڵدەبژێرن
رووداو دیجیتاڵ
پرسیاری ئایا لیۆنێل مێسی باشترین یاریزانی مێژووە یان کریستیانۆ رۆناڵدۆ؟ لە براوەکانی باڵۆندۆر لەدوای ساڵی 1998 کراوە و ئەوان وەڵامی جیاجیایان داوەتەوە.
لە ساڵی 1998ـەوە 14 یاریزان باڵۆندۆریان بردووەتەوە، جگە لە مێسی و رۆناڵدۆ کە ئەوان بەتەنیا 13 باڵۆندۆریان هەیە 'مێسی 8 و رۆناڵدۆ 5ـی هەیە'.. لە کۆی ئەو 16 یاریزانە 9 براوەی باڵۆندۆر مێسییان هەڵبژاردووە و مێسی ئامادە نەبووە دەنگ بەخۆی بدات. 3 براوەی باڵۆندۆریش دەنگیان بۆ کریستیانۆ بووە، و خودی رۆناڵدۆش دەنگی بەخۆی داوە، دووانی دیکەش ئامادە نەبوونە دەنگ بدەن.
* ئەو 9 کەسەی دەنگیان بە مێسی داوە، بریتین لە: ریڤاڵدۆ، رۆناڵدۆی دیاردە، ئاندرێ شیڤچینکۆ، رۆناڵدینیۆ، فابیۆ کاناڤارۆ، لوکا مۆدریچ، کەریم بنزیما، رۆدری و عوسمان دێمبێڵێ، کە ئەمانە پشتگیری مێسی دەکەن و سەرسامن بە تواناکانی لە گۆڕینی ئاراستەی یاری.کاتێک لە لیۆنێل مێسییان پرسی تۆ باشترینی مێژووی؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "بۆ من گرنگ نییە. گرنگ ئەوەیە کە ناوی من لە گەڵ باشترینەکانی مێژوو دەهێنرێت".
* ئەو 3 کەسەی دەنگیان بە رۆناڵدۆ داوە، بریتین لە: کاکا، زینەدین زیدان و مایکل ئۆین، کە جگە لە خۆی هەرسێیانی دیکە لە قۆناخێکی کاروانی وەرزشییاندا لە ریال مەدرید یارییان کردووە.
* زینەدین زیدان.. کە راهێنەرایەتی رۆناڵدۆی کردووە، وەفاداری خۆی بۆ ئەو یاریزانە نیشان دا کە سێ چامپیۆنزلیگی لەسەریەکی بۆ بردەوە.
* مایکل ئۆین.. ئاماژەی بەوە کرد کە رۆناڵدۆ یاریزانێکی تەواوە لەڕووی جەستەیی و هەموو لایەنەکانەوە.
* کاکا.. هاوڕێی ساڵانێک بوو لەگەڵ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید، کاتێک پرسیارەکەی لێدەکەن؟ دەڵێت "هەردووکیان، بەڵام من لەگەڵ کریستیانۆ یاریم کردووە، بۆیە ئەو بە تەواوترین و کامڵترین یاریزان دەزانم".
* خودی کریستیانۆ رۆناڵدۆش، چەندینجار رایگەیاندووە "من باشترین یاریزانی مێژووم، کەس لە من باشتر نییە".
* ئەو 9 کەسەی دەنگیان بە لیۆنیل مێسی داوە، هەندێکیان لە قۆناخێکی کاروانی وەرزشییاندا لە ریال مەدرید یارییان کردووە و تەنانەت هەندێکیان هاوڕێی نزیکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوونە، بۆ نموونە:-
* لوکا مۆدریچ، کە مێژوویەکی پڕ سەروەری لەگەڵ رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید تۆمارکردووە، دەڵێت "مێسی گەورەترین یاریزانی مێژووە".
* کەریم بنزیما، هاوڕێیەکی هەرە نزیکی کریستیانۆیە، 242 یارییان پێکەوە کردووە، کەچی کاتێک لێیدەپرسن، کێ باشترین یاریزانی مێژووە؟ لە وەڵامدا دەڵێت "کێ زۆرترین باڵۆندۆری بردووەتەوە، ئەو باشترینی مێژووە".
* رۆناڵدۆی دیاردە، کە زیاتر شانازی بە یاریکردن بۆ ریال مەدرید دەکات وەک لە بارسێلۆنا، کاتێک لێی دەپرسن، کامیان؟ ئەو لە وەڵامدا دەڵێت "مێسی، چونکە جادووی زیاتری بۆ تۆپی پێ هێناوە".
* ئاندرێ شێڤچینکۆ، کە یاری لەگەڵ مێسی و رۆناڵدۆ نەکردووە، دەڵێت "تۆمارکردنی 91 گۆڵ لە یەک ساڵدا لەلایەن مێسییەوە گەورەترین دەستکەوتی یاریزانێکە لە مێژووی تۆپی پێدا، بۆیە کەس نابێتە مێسی".
* هەردوو براوەی باڵۆندۆر، فیگۆ و نێدڤێد بێلایەن ماونەتەوە و هەردووکیان بە 'گەورەی تۆپی پێ' دەبینن.
هەبوونی لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە هەمان سەردەمدا، دیارییەکی دەگمەن بوو بۆ هاندەرانی تۆپی پێ، کە لەوانەیە هەرگیز دووبارە نەبێتەوە. وەک دوو لە گەورەترین یاریزانەکانی مێژوو دەناسرێن، رکابەرییەکەیان نەک هەر شێوەی بە وەرزشەکە داوە، بەڵکو پێناسەی نەوەیەکی تەواوی کردووە.
بە ئامارێکی سەرسوڕهێنەری گۆڵ و ئەسیست و 13 خەڵاتی باڵۆندۆر لە نێوانیاندا، مشتومڕەکە لەسەر ئەوەی کامەیان لە لووتکەدایە، هێشتا بەردەوامە و هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لە ئارادا نییە. خەڵاتی باڵۆندۆر خۆی بووەتە گۆڕەپانی کۆتایی ئەم رکابەرییە، کە مێسی و رۆناڵدۆ ساڵ لە دوای ساڵ کۆنتڕۆڵیان کردبوو.
بۆ روونکردنەوەی ئەم مشتومڕە مێژووییە، سەیری رای ئەو یاریزانانە کراوە کە خۆیان باڵۆندۆریان بردووەتەوە، چونکە ئەوان باشتر دەزانن گەیشتن بە لووتکە چی دەوێت..
هەڵبژاردنەکانی براوەکانی باڵۆندۆر:-
1998 - زینەدین زیدان: کریستیانۆ رۆناڵدۆ
1999 - ریڤاڵدۆ: لیۆنێل مێسی
2000 - لویس فیگۆ: بڕیاری نەداوە
2001 - مایکل ئۆین: کریستیانۆ رۆناڵدۆ
2002 - رۆناڵدۆی دیاردە: لیۆنێل مێسی
2003 - پاڤڵ نێدڤێد: بڕیاری نەداوە
2004 - ئاندرێ شیڤچینکۆ: لیۆنێل مێسی
2005 - رۆناڵدینیۆ: لیۆنێل مێسی
2006 - فابیۆ کاناڤارۆ: لیۆنێل مێسی
2007 - کاکا: کریستیانۆ رۆناڵدۆ
2018 - لوکا مۆدریچ: لیۆنێل مێسی
2022: کەریم بنزیما: لیۆنێل مێسی
2024 - رۆدری: لیۆنێل مێسی
2025 - عوسمان دێمبێڵێ: لیۆنێل مێسی
لە کۆتاییدا، ئامارەکان دەریدەخەن کە زۆربەی ئەوانەی گەیشتوونەتە لووتکەی تۆپی پێ 'براوەکانی باڵۆندۆر'، مێسی بە باشتر دەزانن، هەرچەندە رۆناڵدۆش خاوەنی لایەنگریی بەهێزی خۆیەتی.