لویس فیگۆ ئیکاردی بە شیاو دەزانێت بۆ هێرشبەرایەتی ریال مەدرید

رووداو - هەولێر

لویس فیگۆی یاریزانی پێشووی پۆرتوگال بە دووری نازانێت ماورۆ ئیکاردی پەیوەندی بە یانەی ریال مەدریدەوە بکات.

لە وەڵامی پرسیارێکی بۆ تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس، لویس فیگۆی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەڵێت، بە دووری نازانم ئیکاردی پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، ئەو ئێستا بە تەواوی ئامادەیە بۆ یاریکردن لە ریال مەدرید و دڵنیام لەگەڵ یانە شاهانەکە سەرکەوتوو دەبێت.

سەبارەت بە داهاتووی ماورۆ، فیگۆ دەڵێت: داهاتووی ئیکاردی پەیوەندی بە پرۆژەکانی داهاتووی ئینتەرمیلانەوە هەیە، لە هەمان کاتدا پەیوەندی بە یاریزانەکە و کارگێڕی ئینتەرمیلانەوە هەیە.

لویس فیگۆ پێشتر یاری بۆ هەردوو یانە کردووە و یەکێک بووە لە باشترین یاریزانەکانی جیهان، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ هەردوو یانەدا چەندین نازناوی بەدەستهێناوە.