ڤیدیۆ؛ واندا میترۆپۆلیتانۆ دەبێتە چێشتخانەی هەژاران

رووداو - هەولێر

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، خزمەتگوزارییەکانی چێشتخانە سەرەکییەکانی یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆی تەرخان کرد، بۆ یارمەتیدانی هەژاران و ئەوانەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیانی پێگەیاندوون.

ئێنریکی سیرێزۆی سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و ئیزابێل دیان ئیۆسۆی سەرۆکشارەوانی مەدرید، رێککەوتنێکیان واژۆکرد کە رێگە بە هەندێک کۆمپانیای ئازووقە دەدرێت یاریگەی واندا میترۆپۆلیتانۆ بەکاربهێنن بۆ ئامادەکردنی خواردن، بۆ دانیشتووانی مەدریدی پایتەخت، ئەوانەی کۆرۆنا زیانی پێگەیاندوون.

لەوەتەی رێککەوتنەکە واژۆکراوە، زیاتر لە 1800 کەسایەتی و کۆمپانیا داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ ئەوەی بتوانن چێشتخانە سەرەکییەکانی واندا میترۆپۆلیتانۆ بەکاربهێنن بۆ ئامادەکردنی خواردن بۆ هەژاران، کە رۆژانە دەتوانرێت نزیکەی 50 هەزار ژەمە خۆراک لە رێگەی ئەو چێشتخانانەوە ئامادەبکرێن.

ئیزابێل دیان ئیۆسۆی سەرۆکشارەوانی مەدرید، لەو بارەیەوە گوتی "دەمەوێ سوپاسی ئێنریکی سیرێزۆی سەرۆکی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید و یانەکەی و هەموو هاندەرانی ئەو یانەیە بکەم، چونکە ئەوان سەلماندیان کە گیانی هاوکارییان هەیە، جارێکی دیکە دووپاتیان کردەوە کە بەشێکی دانەبڕاون لە مێژووی مەدرید، دەمانەوێت هەموو جیهان ئەوە بزانێت".