مێسی بە رەفتارێک لەسەر تایلۆر سویفت هەرا دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی، بە رەفتارێک لەسەر خانمە گۆرانیبێژی بەنێوبانگی ئەمریکی تایلۆر سویفت هەرایەکی گەورە دەنێتەوە.
لیۆنێل مێسی، یاریزانی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی، هەرایەکی گەورەی لەنێو هەوادارانی سویفت دروستکرد، دوای ئەوەی بڕیاریدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، جۆ ئەلوینی خۆشەویستی پێشووی تایلۆر سویفت، ئەنفۆڵۆ بکات.
مێسی کە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی سەدان ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە، بڕیاریدا جۆ ئەلوین، ئەکتەری بەریتانی ئەنفۆڵۆ بکات، کە دوای 6 ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ تایلۆر سویفت جیابووەوە.
رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو ئەکتەرە بەریتانییە کە رۆڵی سەرەکی لە چەندین فیلمی بەنێوبانگدا گێڕاوە، بۆی دەرکەوتووە کە بەشێک لە گۆرانییەکانی ئەلبوومە نوێیەکەی تایلۆر سویفت رەخنەیان لە پەیوەندییەکەی لەگەڵ تایلۆر سویفت گرتووە، کە لە مانگی نیسانی 2023ـدا پەیوەندی نێوانیان بەشێوەیەکی نائاسایی کۆتاییهات.
بەڵام هاوکاتبوونی بڵاوکردنەوەی ئەلبوومێکی نوێ لەلایەن سویفتەوە، کە وردەکاریی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەلوین دەخاتەڕوو، لەگەڵ هەنگاوەکەی مێسی بە ئەنفۆلۆکردنی ئەلوین، قسە و باسی لەلای هەوادارانی خانمە گۆرانیبێژەکە و ئەکتەرە ئینگلیزەکە دروستکردووە، هەندێک پێیانوایە کە هەڵوێستی مێسی بەمەبەست بووە.
هەوادارانی ئەو گۆرانیبێژە ئەمریکییە سەرنجیان دا کە مێسی ئەفسانەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای بڵاوبوونەوەی ئەلبوومەکە لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام ئەفۆڵۆی ئەلوینی کردووە، بۆیە بە لێشاو ستاییسی مێسییان کرد، هەرچەندە هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک نییە کە مێسی بەهۆی سویفتەوە، ئەلوینی ئەنفۆڵۆکردووە.