ڤیدیۆ؛ ڤالڤێردی رێگەی نەدا لالیگا یەکلاببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
فێدریکۆ ڤالڤێردی رێگەی نەدا، لالیگای ئەم وەرزە لە بەرژەوەندی یانەی بارسێلۆنا یەکلاببێتەوە و لە دوایین خولەکەکاندا گۆڵی بردنەوەی بۆ ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو تۆمارکرد.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 32ـی لالیگادا، ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یارییکرد، کیلیان ئێمباپێ بەهۆی پێکانەوە بەشداریی لە یارییەکەدا نەکرد.
بەدرێژایی یارییەکە، لۆس بلانکۆس یارییەکی باشتری لە میوانەکەی ئەنجامدا، 74٪ـی کۆنتڕۆڵی تۆپ لای ریال مەدرید بوو و یاریزانەکانی یانەکە 22 لێدانیان بەشێوەیەکی گشتی هەبوو، لەکاتێکدا ئاتلێتیک بیلباو تەنیا سێ لێدانی هەبوو.
تاوەکو خولەکی 93 ئەنجامەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ مایەوە، بەڵام فێدریکۆ ڤالڤێردی رێگەی نەدا رکابەرییەکە بۆ بارسێلۆنا یەکلاببێتەوە و بەلێدانێکی بەهێز گۆڵێکی جوان و سەرنجڕاکێشی تۆمارکرد.
ریال مەدرید بەو تاکە گۆڵە یارییەکەی بردەوە و سێ خاڵی دیکەی بەدەستهێنا، لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەدا بووە خاوەنی 69 خاڵ و لە رکابەریکردنی بارسێلۆنای پێشەنگ بەردەوامدەبێت.
ڤالڤێردی لەم وەرزەدا 9 گۆڵی بۆ ریال مەدرید تۆمارکردووە، لە وەرزێکدا یاریزانەکە زۆرترین گۆڵی بۆ یانەکە کردبێت 12 گۆڵ بووە و سێ گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی ئەو ریکۆردەی یەکسانبکاتەوە.