بارسێلۆنا دوو ئەستێرەی کردووەتە ئامانج

رووداو دیجیتاڵ 

 

بارسێلۆنا پلانێکی داناوە بۆ ئەنجامدانی دوو گرێبەستی ئاگرین بەبڕی 160 ملیۆن یۆرۆ، بەمەبەستی ئاگرینکردنی هەردوو هێڵی هێرشبردن و بەرگرییەکەی لە وەرزی داهاتوودا.
 
لەوانەیە بڕی 160 ملیۆن یۆرۆ تەنیا بریتی نەبێت لە وردەکارییەکی دارایی لەنێو دەفتەرەکانی ژمێریاری بارسێلۆنا، بەڵکو لەڕاستیدا رەنگدانەوەی مەرامەکانی پڕۆژەیەکی وەرزشی گشتگیرە، کە کارگێڕیی یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵ دەدات لە ماوەی گواستنەوەی داهاتوودا جێبەجێی بکات.
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، دەیەوێت تیپەکە بەپێی دیدگایەکی هونەری روون دووبارە بنیات بنێتەوە کە لەلایەن هانزی فلیکی راهێنەرەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە ئامانجی دروستکردنی تیپێکی هاوسەنگتر و بەهێزترە لە هەر سێ هێڵەکەدا (بەرگری، ناوەند و هێرشبردن).
 
لەم چوارچێوەیەدا،  بارسێلۆنا ناوی جولیان ئالڤارێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی خستووەتە سەرووی کارە لەپێشینەکانی بۆ بەهێزکردنی هێڵی هێرشبەری، ئەمەش بەهۆی ئەو نەرمییە تاکتیکییەی یاریزانەکە هەیەتی و توانای جوڵان لە نێوان هێڵەکان و کۆتاییهێنان بە دەرفەتەکان بە کاراییەکی بەرزەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەندین یانەی گەورەی ئەورووپا گرنگی بە تواناکانی ئەو یاریزانە دەدەن، بەڵام دەستەوارە کەتەلۆنییەکە ئێستا بە جددیترین و سەرنجڕاکێشترین پێشنیاز لەسەر مێزی دانوستاندنەکان دەردەکەوێت.
 
پڕۆژەکە تەنیا لە هێڵی پێشەوە ناوەستێت، بەڵکو کارگێڕیی بارسێلۆنا بەرەو بەهێزکردنی هێڵی دواوەش هەنگاو دەنێت لەڕێگەی بەئامانجگرتنی ئەلیساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری یانەی ئینتەرمیلان.
 
باستۆنی بە یەکێک لە دیارترین بەرگریکارەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا لە ساڵانی دواییدا دادەنرێت، ئەمەش بەهۆی هێمنی لە کاتی بنیاتنانی یاری و توانای خوێندنەوەی هێرشەکان و راگرتنیان لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا.
 
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یاریزانەکە ئامادەیی نیشانداوە بۆ تاقیکردنەوەیەکی نوێ، بەڵام بڕیاری کۆتایی پەیوەستە بە هەڵوێستی هونەری هانزی فلیک و هەڵسەنگاندنی ئەو بۆ پێداویستییە بەرگرییەکانی تیپەکە.
 
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ بڵاوی کردووەتەوە، بارسێلۆنا تاوتوێی تەرخانکردنی نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ دەکات بۆ گواستنەوەی جولیان ئەلڤارێز، جگە لە نزیکەی 60 ملیۆن یۆرۆ بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ باستۆنی؛ ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی دارایی کە رەنگدانەوەی ئارەزوویەکی ەوونە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی تیپەکە لەسەر بنەمایەکی رکابەری کە بتوانێت یانەکە بگەڕێنێتەوە بۆ پێشەنگی ئەورووپا.
 
بەم شێوەیە، بڕی 160 ملیۆن یۆرۆ لە تەنیا نرخێکی داراییەوە دەبێتە ناونیشانی پڕۆژەیەکی پڕ هیوا و مەزن کە لەوانەیە ناسنامەی بارسێلۆنا لە وەرزی داهاتوودا دووبارە دابڕێژێتەوە.