چێڵسی لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەبێتە میوانی برایتۆن
رووداو دیجیتاڵ
بە ئامانجی نزیکبوونەوە لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەند و رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، یانەی چێڵسی بەرامبەر برایتۆن یاریی دەکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 34ـی پرێمەرلیگ، ئەمشەو یارییەک بەڕێوەدەچێت و یانەی چێڵسی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەبێتە میوانی یانەی برایتۆن.
یانەی چێڵسی لە دۆخێکی باشدا نییە، دوایین چوار یاریی لەسەریەک لە پرێمەرلیگدا دۆڕاندووە و ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە، یانەکە 7 خاڵ لە پێنجەمی ریزبەندی پرێمەرلیگەوە دوورە، بۆیە جگە لە بردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.
یانەی برایتۆن بە پێچەوانەی چێڵسی، لە دوایین 4 یارییدا نەدۆڕاوە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی کاتی لە پلەی نۆیەمی ریزبەندەوە بگاتە پلەی شەشەم و پێش یانە لەندەنییەکە بکەوێت.
جواو پێدرۆ، ریس جەیمس، ئێستێڤاو و لیڤی کۆلویل لە یانەی چێڵسی پێکانیان هەیە و ناتوانن لەم یارییەدا بەشداربن.
جەیمس میلنەر، دیێگۆ گۆمێز، ستیفانۆس زیماس و ئادەم وێبستەر لە یانەی برایتۆن پێکانیان هەیە.
لە دوایین دوو سەردانیدا بۆ یاریگەی برایتۆن لە پرێمەرلیگ و ئێف ئەی کەپدا، خاوەن یاریگە هەردوو یارییەکەی لە چێڵسی بردووەتەوە و 5 گۆڵی لە یانە لەندەنییەکە کردووە.
دوایین بردنەوەی بلۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە 2024 بوو کاتێک بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەدەستهێنا.