ڤیدیۆ؛ زەورا بە یەک کاژێر وەسڵی وێران کرد

یانەی زەورای عێراقی بردنەوەیەکی گەورەی بەسەر یانەی وەسلی ئیماراتیدا تۆمارکرد.

ئەم بردنەوەیە هەرچەندە هیچ سوودێکی نەبوو، بەڵام دووبارە کردنەوەی سەرکەوتنەکەی پێشووی بووی بەسەر هەمان یانەدا کە لە یاریگەی خۆیدا لێیبردبووەوە.

یارییەکە لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا لە یاریگەی زەعبیل لە ئیمارات بەڕێوەچوو، یانەی زەورا یارییەکەی بە ئەنجامی پێنچ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بردەوە، ئەنجامی یاری رابردووی نێوانیشیان پێنچ بە سفر بوو.

لە نیوەی یەکەمدا یانەی وەسل هەرزوو گۆڵێکیان لە رێگەی حەسەن محەممەدەوە کرد، بەڵام وەڵامی عەلا عەباسی ئەستێرەی یارییەکە لە خولەکی 22ـدا کە گۆڵی یەکسان بوونەوەی بۆ زەورا هێنا.

لە خولەکی 39ـدا ئەحمەد فازل بە مووشەکێک ئەنجامەکەی کرد بە دوو بە یەک بۆ زەورا، دواتر لە خولەکی 45ـدا عەلا عەباس گۆڵی دووەمی خۆی و سێیەمی یانەکەی کرد.
لە نیوەی دووەمیشدا ئەحمەد جەلال گۆڵی چوارەمی لە خولەکی 51ـدا بۆ زەورا کرد و لە خولەکی 59ـشدا گۆڵی موهەند عەبدولرەحیم گۆڵی پێنجەم و کۆتایی کرد.

بەم سەرکەوتنە زەورا لە پلەی سێیەمدا مایەوە بە کۆی 8 خاڵ، هەریەکە لە یانەکانی زوب ئاهنی ئێرانی بە 11 خاڵ و بە پلەی یەکەم، نەسری سعودی بە 9 خاڵ و بە پلەی دووەم گەیشتنە قۆناخی 16.