ڤیدیۆ؛ کانتێ لە ترسی کۆرۆنا وازی لە مەشقەکانی چێڵسی هێناوە

رووداو - هەولێر

فرانک لامپاردی راهێنەری یانەی چێڵسی داواکاری نگۆلۆ کانتێی یاریزانی فەرەنسی یانەکەی قبووڵکرد و رێگەی پێدا بەشداری لە مەشقەکانی یانەکەیدا نەکات، بەهۆی ترسی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کانتێ رۆژی سێشەممەی رابردوو بەشداری لە مەشقەکانی چێڵسیدا کرد، کە هەندێک یانەی پرێمەرلیگ لە یەکەم هەنگاودا دەستیان بە مەشقەکانیان کردووەتەوە، بێئەوەی یاریزانەکان بەریەک بکەون، بەڵام لە کۆتایی مەشقەکاندا داوای لە لامپارد کرد رێگەی پێبدات نەهێتە مەشقەکان و لە ماڵەوە بیکات، بەهۆی ترسی لە سەلامەتی خۆی و خێزانەکەی.

خانەوادەی کانتێ مێژوویەکی خراپی لەگەڵ نەخۆشییەکانی دڵ هەیە، کە نیامای برای بەر لە مۆندیالی 2018 بە جەڵتەی دڵ مردووە، باوکیشی بەهەمان نەخۆشی مردووە، کە ئەوکات تەمەنی کانتێ 11 ساڵان بووە، تەنانت خودی ئەو یاریزانەی چێڵسیش لە ئاداری 2018 لە یەکەیەکی مەشقی یانەکەیدا لە هۆش خۆی چوو.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکەن لە لەندەن، دەڵێن فرانک لامپارد هەرزوو بە داواکارییەکەی کانتێ رازی بووە و ئەو بەشداری لە مەشقەکانی رۆژی چوارشەممەدا نەکردووە، بەڵام هێشتا نازانرێت ئەو یاریزانە کەی پەیوەندی بە مەشقەکانی یانەکەیەوە دەکات.