بارسێلۆنا لە گواستنەوەی ئەستێرەیەک دەکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
داهاتووی گۆڵپارێزی یانەی بارسێلۆنا دیار نییە و ئەگەری هەیە یانەکە لە گواستنەوەی ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی یانەی ئاستۆن ڤیلا بکشێتەوە.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنا کاردەکات بۆ ئەوەی ڤۆیچیک چیزنی بۆ وەرزێکی دیکە لەگەڵ یانەکە بمێنێتەوە و بژاردەی ئەوەش بخەنە نێو گرێبەستەکەی کە بۆ وەرزی دواتریش گرێبەستەکەی نوێبکرێتەوە.
رۆژنامەی مارکا دەڵێت "دیکۆ کار دەکات بۆ ئەوەی مانەوەی چیزنی یەکلابکاتەوە، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد و سەرکەوتوو بوو لە پڕکردنەوەی شوێنی ئاندرێ تێرشتیگن کە بەهۆی پێکانەوە لە یاریگەکان دوورکەوتبووەوە."
هەوڵەکانی بارسێلۆنا بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی چیزنی لەکاتێکدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرابووەوە کە یانەکە دەیەوێت ئێمیلیانۆ مارتینێز، گۆڵپارێزی ئەرجەنتینی و یانەی ئاستۆن ڤیلا بگوازێتەوە، بەڵام یانە ئینگلیزییەکە بۆ دەستبەرداربوون لەو گۆڵپارێزە داوای 40 ملیۆن پاوەند دەکات و مووچەکەی بەرزە، بۆیە رەنگە بارسێلۆنا لە گواستنەوەی ئەو گۆڵپارێز بکشێتەوە.
لە ئەگەری گەیشتنە رێککەوتن لەگەڵ چیزنی، بارسێلۆنا گرێبەست لەگەڵ هیچ گۆڵپارێزێکی دیکە ناکات، سەرەڕای ئەوەی باس لە گواستنەوەی خوان گارسیای گۆڵپارێزی یانەی ئیسپانیۆلیش دەکرێت.
ڤۆیچیک چیزنی، تەمەنی 35 ساڵە، سەرەتای ئەم وەرزە یانەی بارسێلۆنا ئەو گۆڵپارێزەی لە بڕیاری وازهێنانی یەکجاری لە یارییکردن پەشیمانکردەوە و لە شوێنی ئاندرێ تێرشتیگن ئەو گۆڵپارێزەی بردە ریزەکانی.
گۆڵپارێزە پۆڵەندییەکە لە بارسێلۆنا لەم وەرزەدا بەشێوەیەکی گشتی 30 یاریی ئەنجامدا، 36 گۆڵی لێکرا و لە 14 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرت.