پێرێز سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ 'مێسی نوێ'

رووداو دیجیتاڵ

 

لە یەکەم هەنگاودا بۆ بنیاتنانەوەی ریال مەدریدێکی نوێ، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەستیکردووە بە هەوڵەکانی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانێکی گەنجی ئەرجەنتینی، کە پێیوایە لە لامین یامال باشترە و لە ئەرجەنتین بە "مێسی نوێ" ناسراوە.
 
کارگێڕیی ریال مەدرید دەستیکردووە بەکردنەوەی دۆسێیەی یەکێک لە دیارترین بەهرەمەندەکانی ئێستای تۆپی پێی ئەرجەنتین، دوای ئەوەی پێشتر دانوستاندنی لەگەڵیدا کرد، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی کێشە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی پاشەکشەی کرد. ئەویش فرانکۆ ماستانتۆنۆیە.
 
ئەمجارەیان ئەم هەنگاوە بە راسپاردەی سەرۆکی یانەکە و دوای ستاییشی زۆری چاودێران دێت، کە پشتڕاستیان کردووەتەوە کە بەهرەمەندە گەنجەکە دەتوانێت جیاوازی بۆ لۆس بلانکۆس دروست بکات.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕاڵی ئیسپانی، سانتیاگۆ سۆلاری و خۆسێ ئانخێل سانچێز و کالافات هاوڕابوونە لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ فرانکۆ ماستانتۆنۆی بەهرەمەندی لاوی ئەرجەنتینی، کە بەپێی ئەو سەرچاوەیە پێرێز بە یاریدەدەرەکانی گوتووە "ئەو کوڕە ئەرجەنتینییە لە لامین یامال باشترە".
 
ئەوەی ئەمجارە لە بەرژەوەندی بەڕێوەبەری کارەکانی فرانکۆ ماستانتۆنۆدا بوو، ئەو ستایشە زۆرە بوو کە فلۆرێنتینۆ پێرێز لەلایەن ناسیاو و هاوکارە نزیکەکانی یاریزانەکەوە وەریگرتووە، کە بەباشتر لە لامین یامال، نیکۆ ویلیامز و عوسمان دێمبێلی وەسفیان کردووە و ئەو لە ئەرجەنتین بە "مێسی نوێیەکە" ناسراوە و دەڵێن "بلیمەتێکی راستەقینەیە".
 
بەگوێرەی ئەو رۆژنامەیە ئەم ستایشە وایکردووە کارگێڕیی یانەکە چەند رۆژێک لەمەوبەر دیدارێکی ڤیدیۆیی لەگەڵ ماستانتۆنۆ ئەنجام بدات، ئەمەش گرنگیدانی جددی ریال مەدرید بەو یاریزانە پشتڕاست دەکاتەوە.
 
سەرەڕای ئەوەی نرخی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەی ریڤەرپلەیت بە 45 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت، بەڵام ریال مەدرید بەنیازی ئەوە نییە تەواوی ئەو بڕە پارەیە بدات. دەیەوێت نرخی دابەزێنێت، یان ئەگەر هەر نەبوو لەبری ئەوە یانەکە بیر لە دەستەوارەیەکی نێوان 20 بۆ 25 ملیۆن یۆرۆ دەکاتەوە، بەشێوەیەک کە یاریزانەکە بۆ ماوەی دوو ساڵی دیکە بەخواستن لە یانەی ریڤەرپلەیت بمێنێتەوە، پێش ئەوەی بۆ هەمیشە پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات. 
 
بەرپرسانی ریال مەدرید پێیانوایە ماستانتۆنۆ، کە بە هاندەری ریال مەدرید ناسراوە و خەون بە یاریکردن بۆ یانەکە دەبینێت، هەموو ئەو سیفەتانەی هەیە کە بتوانێت ببێتە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی جیهان. سەرەڕای ئەوەی تەمەنی تەنیا 17 ساڵە، بەڵام  ئێستا بەرپرسیارێتییەکی قورسی لەئەستۆدایە، کە سەرکردایەتی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریڤەرپلەیت دەکات، لەژێر گوشارێکی بەرچاوی هاندەراندایە و وەک سەرکردەیەکی گەنج ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات.
 
بەڵام ریال مەدرید درک بەوە دەکات کە هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ ئەوەی هەر بەهرەمەندێکی گەنج سەرکەوتوو بێت، بۆیە یانەکە پێی باشترە ئارام بگرێت و خۆی لە گرێبەستی گران و شێتانە بەدوور بگرێت. 
 
لەلایەکی دیکەوە ریال مەدرید هەمیشە کاریگەری مارکێتینگی هەر گرێبەستێک لەبەرچاو دەگرێت. ئەو یاریزانانەی لە ئەمریکای باشوورەوە دێن نەک تەنیا نوێنەرایەتی بەهرەمەندە وەرزشییەکان دەکەن، بەڵکو دەروازەیەکیشن بۆ زیادکردنی ژمارە و رێژەی هاندەرانی یانەکە لەسەر ئاستی جیهانی، ئەمەش هۆکارێکی چارەنووسسازە بۆ بڕیاردان.
 
تاوەکو ئێستا ئایندەی فرانکۆ ماستانتۆنۆ دیارینەکراوە، بەڵام یانەی ریال مەدرید بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکات و دەرگای گرێبەستەکە داناخات. لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی گواستنەوەی هاوینە، پێرێز دەیەوێت سوپرایز بکات و بیباتە مێرینگێ وەک ئەوەی لەگەڵ کاماڤینگا کرد کە کەس چاوەڕێی نەدەکرد و ئێستا یەکێکە لە گرنگترین یاریزانەکانی تیپەکە.