زایر ئێمری هۆشداری دەداتە یاریزانانی پاریس سانجێرمان



رووداو دیجیتاڵ

وارێن زایر ئێمری، ئەستێرەی لاوی پاریس سانجێرمان داوای سەرنجی تەواو لە یاریزانانی یانەکەی دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ. ئێمری دەڵێ هەڵە بچووکەکان، چارەنووسی نازناوەکە یەکلایی دەکەنەوە.
 
زایر ئێمری هۆشداری داوەتە یاریزانانی پاریس سانجێرمان کە نابێت هیچ کاتێکی یارییەکە سەرنجیان لەدەستبدەن، کاتێک 30ـی مانگ لە پوشکاش ئارێنا لە بۆدابێستی پایتەختی هەنگاریا، رووبەڕووی ئارسیناڵ دەبنەوە.
 
ئەو یاریزانە تەمەن 20 ساڵە کە لەم وەرزەدا ئاستێکی بەرزی پێشکێش کردووە، بە تەواوی ئاگاداری ئەو مەترسییەیە کە تیپەکەی میکێل ئارتێتا دروستی دەکات. ئەو ناوەڕاستکارە فەرەنسییە لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان دەڵێت "پێموایە لەم ئاستەدا، دەبێت لە هەمووان بترسین. ئەوان تیپێکی زۆر بەهێزیان هەیە، بینیمان کە بوونە پاڵەوانی پرێمەرلیگ. دەبێت سەرنجی تەواومان لەسەر یارییەکەبێت و هەموو هەڵە بچووکەکان کەم بکەینەوە، چونکە ئەو هەڵە بچووکانە جیاوازی دروست دەکەن".
 
ئەمە دووەم یاریی کۆتایی لەسەریەکە بۆ یانە پاریسییەکە لە چامپیۆنزلیگدا، پاشئەوەی وەرزی رابردوو بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردەوە، دوای سەرکەوتن بەسەر ئینتەری ئیتاڵی، بەپێنج گۆڵی بێبەرامبەر.
 
زایر ئێمری کە دەرچووی ئەکادیمیای یانە پاریسییەکەیە، شانازی بەو کارە دەکات و دەڵێت "ئەمە جێگەی شانازییە، چونکە هەموومان ئاگاداری ئەوەین ئەمساڵ و ساڵی رابردوودا چیمان کردووە. ئەمە شتێک نییە بە ئاسانی وەریبگرین، شتێکی باوەڕپێنەکراوە. ئێمە ئامادەین و لە کەشێکی باشدا مەشقەکان دەکەین. تیپێکی باشمان هەیە و هەوڵدەدەین باشترین ئامادەکاری بکەین".
 
رۆژی 30ی مانگ، هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و ئارسیناڵی ئینگلیزی، لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکەدا بەیەکدەگەن.