ئینریکێ: ئارتێتا وزەیەکی زۆری بە یاریزانانی ئارسیناڵ بەخشیوە
رووداو دیجیتاڵ
لویس ئینریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی پێش رووبەڕووبوونەوەی یانەی ئارسیناڵ لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، ستایشی ئاستی یانە ئینگلیزییەکە و میکێل ئارتێتا دەکات و دەڵێت، ئەوان لە رووی بەرگرییەوە باشترین تیپی ئەورووپان. ئینریکێ باسی ئاستی عوسمان دێمبێلێ و ئەو پاڵپشتییەش دەکات لەلایەن کارگێڕی یانەکەیەوە لێیدەکرێ.
لویس ئینریکێ لەبارەی ئاستی عوسمان دێمبێلێ و هاوسەنگی لە نێوان هێرشبەری و بەرگری رایگەیاند "دێمبێلێ نابێت ئەرکە بەرگرییەکانی لەبیربکات. تۆپی پێ وەک باسکە وایە، هێرشبەری و بەرگری تەواوکەری یەکترن. عوسمان توانایەکی تاکەکەسی سەرسوڕهێنەری بەتۆپەوە هەیە، بەڵام پێویستە بەبێ تۆپیش ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات".
راهێنەرە ئیسپانییەکە خۆشحاڵیی خۆی بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەربڕی و گوتی، "زۆر بەبەختم جارێکی دیکە لە یاریی کۆتایی دەبینرێمەوە. پاڵپشتیی تەواوی سەرۆک و لویز کامپۆس (بەڕێوەبەری وەرزشی باریس سانجێرمان) بۆ من و یاریزانەکان، کلیلی سەرکەوتنەکانمان بووە. لە تۆپی پێی پیشەگەردا زۆر زەحمەتە دوای هەر شکستێک ئەو پاڵپشتییە گەورەیەت لێ بکرێت".
ئینریکێ لەبارەی میکێل ئارتێتا و یانەی ئارسیناڵەوە دەڵێت "ئارتێتا راهێنەرێکی گەورەیە. ئەو وزە و توانایەکی زۆر بە یاریزانەکانی دەبەخشێت. ئەگەر سەیری ئامارەکانیان بکەن، لە رووی هێرشبەری و بەرگرییەوە سەرنجڕاکێشن. ئارسیناڵ لە کاتی بەرگریدا بێگومان باشترین تیپی ئەورووپایە، چ کاتێک لە ناوچەی خۆیان بن یان کاتێک گوشاری بەرز دەکەن".
راهێنەری پاریس سانجێرمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئارسیناڵ شایستەی بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگە، چونکە وەرزێکی ناوازەیان بەڕێکرد. ئینریکێ یاریی کۆتایی ساڵی 2006ـی نێوان بارسێلۆنا و ئارسیناڵی لە پاریس بیرە، (ئەوکات بارسێلۆنا بە 2 - 1 گۆڵ لە ئارسیناڵی بردەوە و نازناوەکەی بەدەستهێنا)، کاتێک وەک هاندەری بارسێلۆنا لە نێو یاریگەدا بوو، هیوای خواست ئەمجارە وەک راهێنەر لەگەڵ پاریس سانجێرمان بتوانێت لە یانە ئینگلیزییەکە بباتەوە.
پاریس سانجێرمان وەرزی رابردوو لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ شکستی بە ئارسیناڵ هێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی و نازناوەکەی بردەوە، بەڵام ئەم وەرزە هەردوو تیپەکە بە ئاستێکی جێگیرترەوە دەردەکەون و هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوەکە دەدەن.