یاریزانێکی ئێران بەهۆی رەخنەگرتن لە خامنەیی دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتدارانی ئێران، محەممەد رەشید مزاهری، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان دەستگیرکرد، پاشئەوەی لە کاتێکی پێشتری ئەمساڵدا، لە رێگەی پۆستێکی سۆشیال میدیاوە، رەخنەی لە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای وڵاتەکە گرت.
 
هاوژینەکەی مزاهری دەڵێ ئەو یاریزانەی پێشوو، بەهۆی ئەو تۆمەتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە دەستگیرکراوە، لە کاتێکدا ئاژانسی 'میزان'ی سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتەکە دەڵێ، مزاهری دەستگیرکراوە لەبەرئەوەی هەوڵیداوە بەشێوەی نایاسایی وڵاتەکە بەجێبهێڵێت.
 
مزاهری، ژمارەیەکی دیاریکراو یاریی نێودەوڵەتی بۆ هەڵبژاردەی ئێران کردووە، لە نێو پێکهاتەی هەڵبژاردەکە بوو لە مۆندیالی 2018، بەڵام زۆرینەی کاتەکانی گۆڵپارێزی دووەمی هەڵبژاردەکە بووە، بەهۆی درەوشانەوەی بەردەوامی عەلی رەزا بەیرانوەندی گۆڵپارێزی کوردی هەڵبژاردەی ئێران.
 
مزاهری کە بۆ چەندین یانەی گەورەی ئێران یارییکردووە، پێشتر لە پۆستەکەیدا لە ئینستاگرام لەبارەی خامنەییەوە نوسیبووی "تەنیا بەشێک لە دیوە رەش و سەرپێیەکە"ی مێژووی ئێران.
 
بڵاوکراوەکەی ئەو گۆڵپارێزە، لە مانگی یەکی رابردوودا بوو، بەرلەوەی جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستپێبکات.
 
عەلی خامنەیی رێبەی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا - ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران لە 28ی مانگی دووی رابردوو کوژرا.
 
ماڵپەری 'ئێران وایر' کە لە دەرەوەی ئێران هەواڵەکانی پەخشدەکات، ئاشکرایکردبوو دەسەڵاتدارانی ئێران رۆژی 25ی مانگی دوو هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەی مزاهری.
 
هاوژینەکەی مزاهری لە ئینستاگرام لە بڵاوکراوەیەکدا رۆژی سێشەممە دەڵێ، هاوژینەکەم لە "لە بەندیخانەیەکی تاکەکەسیی زۆر تووند" لە ورمێی رۆژئاوای وڵاتە، دەستبەسەرە.
 
هاوژینەکەی هەروەها دەڵێ، "رەشید هەموو کات بەرگری لەوە کردووە کە پێیوابووە راستە، ئەو ئێستا باجی ئازایەتیی خۆی، بەبەندکردن لە ژووری تاکەکەسیدا دەداتەوە".
 
لە بەرامبەردا، ئاژانسی 'میزان' تەنیا ئاشکرایکردووە کە ئەو لە هۆڵێکی گشتی بەندیخانەیەکە، بەبێئەوەی ناوی بەندیخانەکە ئاشکرا بکات.
 
هەروەها دەڵێ، "ئەو دەستبەسەرکرا، پاش هەوڵدانی بۆ چوونە دەرەوە لە وڵاتەکە بەشێوەی نایاسایی و لە رێگەی سنوورەکانی رۆژئاوای وڵات، لە رێگەی گۆڕینی رووخسار و بەرتیلدان بە ئەندامانی هێزەکانی سنوور".
 
یاریزانان و گۆڕەپانە وەرزشییەکەی ئێران، وەکئەوەی میدیاکان باسیدەکەن، خراوەتە ژێر تووندترین دۆخەکانی پشکنین و چاودێری، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی وڵاتەکە بەرەو تورکیا گەشتی کردووە، بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی داهاتوو کە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی دەکەن.
 
لە کاتێکی پێشتردا، دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند کە ماڵوموڵکی عەلی کەریمی، کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەکە دەستیبەسەرداگیراوە.
 
کەریمی یەکێکە لە تووندترین رەخنەگران لە دەسەڵاتدارانی ئێران و ئێستا لە دەرەوەی وڵاتەکە دەژی.
 
پێشتر هەروەها وریا غەفوری، یاریزانی کوردی پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکە، لە کاتی مۆندیالی 2022ی قەتەردا بەهەمان شێوە دەستبەسەرکرا.
 
تۆمەتی ئاراستەکراوی وریا بریتی بوو لە پشتگیریی خۆپێشاندەرانی ئەوکاتی وڵاتەکە.
 
هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی داهاتوو، لە کۆمەڵەی حەوتەم یارییدەکات و رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، میسر و نیوزیلاند یارییدەکات.