نەیمار پێش مۆندیال تووشی پێکانبوو
رووداو دیجیتاڵ
نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی سانتۆس تووشی پێکانبوو، ئەمەش ترسی نوێی لەسەر بەشداریکردنی ئەو یاریزانە لە مۆندیالدا لەنێو هاندەراندا دروستکردووە.
نەیمار چەند رۆژێکی کەم لە دوای بانگهێشکردنی بۆ مۆندیالی 2026 لەلایەن کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە، تووشی پێکانبووە و ئەگەری هەیە ماوەیەک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
نەی لە ماسوولکەکانی پشتەقۆڵەی قاچیدا تووشی پێکانبووە، یانەی سانتۆس دەڵێت "بەپێی پشکنینەکان یاریزانەکە شلەمەنی لە قاچیدا کۆبووەتەوە و ماسوولکەکانی تووشی کێشە کردووە، ئەمەش بۆ یاریزانە 34 ساڵەکە خراپە و دیارنییە کەی یاریزانەکە دەگەڕێتەوە نێو یاریگاکان.
بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، یاریزانەکە لە یاریی داهاتووی خولی بەرازیلدا بەرامبەر گرێمیۆ یاریی ناکات، چاوەڕواندەکرێت ئەگەر چاکبووەوە، یاریزانەکە لە 27ـی ئەم مانگە پەیوەندی بە مەشقەکانی بەرازیلەوە دەکات، ئەویش لەژێر چاودێریی پزیشکدا دەبێت، ئەگەر بەتەواوی لە پێکانەکەی چاک ببێتەوە.
رۆدریگۆ زۆگایب، سەرۆکی تیمی پزیشکی یانەی سانتۆس، جەختی کردەوە کە پێکانەکە بە مەترسیدار دانانرێت و متمانەی خۆی نیشان دا کە نەیمار هەفتەی داهاتوو بۆ بەرازیل ئامادە دەبێت.
زۆگایب گوتی "نەیمار پێکانێکی سووکی پشتەقۆلەی هەیە، بەڵام بەگوێرەی پلانەکانمان، بەرەوپێشچوونەکەی رێگەی پێدەدات هەفتەی داهاتوو ئامادە بێت کاتێک پەیوەندی بە هەڵبژاردەی نیشتمانییەوە دەکات."
نەیمار لەم هەفتەیەدا دوای نزیکەی سێ ساڵ دوورکەوتنەوە بۆ مۆندیالی 2026 بانگهێشتی هەڵبژاردەی بەرازیل کرا و لەو بارەیەوە گوتی "دوای بانگهێشتکردنم بۆ مۆندیال بۆ چەند کاژێرێک گریاوم، گەیشتن بە ئێرە ئاسان نەبوو، دوای ئەوەی ناوەکەم راگەیێنرا زانیم کە دەهێنێت بەسەر هەموو شتێکدا زاڵ بم و بەرگەی هەوڵەکان بگرم".
نەی دەڵێت "بانگهێشتکردنەم تەنیا بۆ من نەبوو، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەسانە بوو کە بەشێکن لەم پرۆسەیە".