ئینریکێ ریکێلمی بە هالاند و کلۆپ هەڕەشە لە پێرێز دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئینریکێ ریکێلمی، سەرمایەداری ئیسپانی، دەستی کردووە بە ئامادەکاریی گەورە و رێکخستنی کارتەکانی بۆ ئەوەی کێبڕکێی کورسیی سەرۆکایەتیی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بکات.
 
چاوەڕوان دەکرێت ریکێلمی بچێتە نێو رکابەرییەکی سەخت و بێوێنە لەگەڵ فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ئێستای یانەی شاهانە.
 
سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بەر لە هەفتەیەک ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆک و ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یانەکەی بەر لە سێ ساڵ، لە وادەی یاسایی خۆی راگەیاند، پاشئەوەی زۆر کەس و لایەنی تۆمەتبارکرد، بەهەوڵدان بۆ دەستخستنە ناو کاروبارەکانی یانەکە.
 
جوڵەکانی ریکێلمی لە کاتێکدایە کە ریال مەدرید وەرزێکی سفری تێپەڕاند، دوای ئەوەی نازناوی لالیگا و سوپەری ئیسپانیای بە بارسێلۆنای رکابەری
لەدەستدا، لە جامی شای ئیسپانیاش زوو ماڵئاوایی کرد. هەروەها لە چامپیۆنزلیگیش، مێرێنگێ لە قۆناخی هەشتدا لەسەر دەستی بایرن میونشنی
ئەڵمانی کرایە دەرەوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی 'EL CONFIDENCIAL'، ریکێلمی دەیەوێت یۆرگن کلۆپی ئەڵمانی، راهێنەری پێشووی یانەی لیڤەرپوول، بکاتە راهێنەر لە پڕۆژەکەیدا بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی تیپەکە و گەڕانەوە بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان.
 
کلۆپ لەو کاتەوەی لە هاوینی 2024 لیڤەرپوولی بەجێهێشتووە، پۆستی راهێنەرایەتی چەندین یانەی رەتکردووەتەوە و ئێستا بەرپرسیارێتی سەرپەرشتیکردنی کەرتی تۆپی پێی جیهانی لە گرووپی 'رێد بوڵ' وەرگرتووە.
 
بەڵام ئامانجی ئینریکێ ریکێلمی تەنیا لە سنووری راهێنەرە ئەڵمانییەکەدا ناوەستێت، بەڵکو راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو بەربژێرە، پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ گواستنەوەی ئێرلینگ هالاندی نەرویجی، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، بۆ ئەوەی ببێتە دیاریی سەرکەوتنی بۆ هاندەرانی ریال مەدرید.
 
لە بەرامبەر ریکێلمیدا، کە پێشبینیکراوە تاکە رکابەری پێرێز بێت لەسەرۆکایەتیی یانەکە، تاوەکو ئێستا سەرۆکی یانەکە، هیچ بەرنامە و پڕۆگرامێکی هەڵبژاردنی خۆی ئاشکرا نەکردووە، لە کاتێکدا هەندێک لە میدیاکان دەڵێن، لە ئەگەری دەرچوونەوەی بەسەرۆکی یانەکە، پێرێز یەکەم کاری، راگەیاندنی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ دەبێت، بۆ مەشقدانی ریال مەدرید.