کێشەیەکی نوێ لەبەردەم مۆندیالدا.. بەشداریی کۆنگۆ رووبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات بڕیاریدا کەمپێکی مەشق و راهێنانی سێ رۆژە و رێورەسمی ماڵئاوایی لە هاندەرانی لە کینشاسای پایتەختی وڵاتەکە هەڵبوەشێنێتەوە، پاشئەوەی ڤایرۆسی ئیبۆلا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە بڵاوبووەوە و بەهۆیەوە چەندین کەس، گیانیان لەدەستدا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکە، بڕیاریدا قۆناخەکانی دیکەی ئامادەکاریی هەڵبژاردەکە لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبچێت، دوای ئەوەی جۆرێکی دەگمەنی ئیبۆلا بە ناوی 'بوندیبوگیۆ' لە کۆنگۆ بڵاوبووەوە، کە بەهۆیەوە وەک ئەوەی راگەیێنراوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 130 کەس بەهۆیەوە گیانیانلەدەستدا و نزیکەی 600 کەسی دیکەش گومانی تووشبوونیان لێ دەکرێت، ئەمەش وایکردووە رێکخراوی تەندروستی جیهانی باری نائاسایی رابگەیەنێت.
جێری کالیمۆ، گوتەبێژی هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات رایگەیاند، یارییە دۆستانەکانیان بەرامبەر دانیمارک لە 3ـی مانگی 6 لە بەلجیکا و بەرامبەر چیلی لە 9ـی هەمان مانگ لە ئیسپانیا، وەک خۆیان بەڕێوەدەچن. کالیمۆ گوتی "ئێمە سێ قۆناخی ئامادەکارییمان هەبوو؛ کینشاسا، ئەورووپا و پاشان ئەمریکا. تەنیا قۆناخی کینشاسا هەڵوەشاوەتەوە".
زۆربەی یاریزانانی کۆنگۆ و سێباستیان دیسابری راهێنەری فەرەنسی، لە دەرەوەی کۆنگۆ دەژین و زۆربەیان لە خولی فەرەنسا یاریی دەکەن، ئەمەش کارئاسانی بۆ گەشتکردنیان بۆ ئەمریکا دەکات.
سەبارەت بە گەشتکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ بەشداریکردن لە مۆندیال، بەرپرسانی تەندروستی ئەمریکا (CDC) رایانگەیاندووە کە رێگری لە هاتنە ناوەوەی هەر بیانییەک دەکەن کە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوودا لە کۆنگۆ بووبێت، بەڵام یاریزانانی هەڵبژاردەی کۆنگۆ چونکە لە ئەورووپا بوون، ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە، بەڵام پێدەچێت هاندەرانی کۆنگۆ بەهۆی ئەم بڕیارەوە نەتوانن گەشتی ئەمریکا بکەن.
کۆنگۆ کە دوای نیو سەدە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1974ـەوە سەرکەوتووە بۆ مۆندیال، لە کۆمەڵەی یازدەیەم یاری دەکات. یەکەم یارییان لە
17ـی مانگی 6 بەرامبەر پۆرتوگال دەبێت لە هیوستن، پاشان لە 23ـی هەمان مانگ رووبەڕووی کۆڵۆمبیا دەبنەوە و دوایین یاریی کۆمەڵەکانیشیان لە 27 مانگی 6 بەرامبەر ئۆزباکستان دەبێت.