ڤیدیۆ؛ بایرن میونشن بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد و گەیشتە قۆناخی 16


رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان، دوای ئەوەی لە یاریی لووتکەدا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی بۆکا جونیۆرزی ئەرجەنتینی بەدەستهێنا.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی دووەم و لە کۆمەڵەی سێیەمدا، باڤارییەکان رووبەڕووی بۆکا بوونەوە و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەیان بردەوە.
 
دوای 17 خولەک یارییکردن، هاری کەین گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد، نیوەی یەکەم بە پێشکەوتنی یانەکە کۆتاییهات.
 
لە خولەکی 66 میگێل میرێنتیێل گۆڵێکی جوانی بۆ بۆکا جونیۆرز تۆمارکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
لە خولەکی 83 میشێل ئۆلیسێ، بایرن میونشنی کردە خاوەنی دوو گۆڵ، یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک کۆتاییهات، بایرن میونشن بە کۆکردنەوەی 6 خاڵ خۆی گەیاندە قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان.
 
بایرن میونشن لە یاریی داهاتوودا بەرامبەر بێنفیکا یاری دەکات و بۆکا جونیۆرزیش رووبەڕووی ئۆکلاند سیتی دەبێتەوە، پێویستە بۆکا بە ئەنجامێکی گەورە یارییەکەی بباتەوە و بێنفیکاش بەرامبەر بایرن بدۆڕێت بۆ ئەوەی یانە ئەرجەنتییەکە هەلی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی شازدەی مۆندیالی یانەکان هەبێت.