بۆچی رۆناڵدۆ بەشداریی لە مۆندیالی یانەکاندا نەکرد؟
رووداو دیجیتاڵ
مارسێلۆ گایاردۆ، راهێنەری یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی، هەواڵێکی چاوەڕواننەکراوی لەبارەی کریستیانۆ رۆناڵدۆوە راگەیاند و گوتی "داوامان لە دۆن کرد بۆ بەشداریکردن لە مۆندیالی یانەکاندا پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، بەڵام ئەو رەتیکردەوە."
پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی رایگەیاندبوو، چەند یانەیەک بۆ مۆندیالی یانەکان پەیوەندییان پێوە کردووە، بەڵام ئەو نایەوێت بەشداری لەو پاڵەوانێتییەدا بکات.
مارسێلۆ گایاردۆ دەڵێت "یەکێک لە بژاردەکانمان بۆ مۆندیالی یانەکان بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بکەین، کریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو."
رۆژنامەی میرەری بەریتانی لەو بارەیەوە دەڵێت: گایاردۆ لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری رابردوو، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ و لە رێگەی هاوڕێیەکی هاوبەشەوە پەیوەندیی بە رۆناڵدۆوە کردووە و پێیگوتووە "سڵاو، پاڵەوانێتی داهاتوومان جامی جیهانی یانەکانە، پێویستی بە یاریزانێکی وەکو تۆیە، کە سەردەمێکی پێناسە کردووە، هیچ نیازێکت نییە بەشداری بکەیت؟"
سەرچاوەکە دەڵێت "کریستیانۆ رۆناڵدۆ، بە رێزەوە سەیری ئەو داواکارییەی کردووە و دوای هەڵسەنگاندنێکی زۆر وەڵامی داوەتەوە و گوتوویەتی "دەبێت خۆم بۆ وەرزی داهاتوو ئامادەبکەم."
هەوڵدانی یانەی ریڤەرپلەیت بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەکاتێکدایە، مارسێلۆ گایاردۆ پێشتر لە نزیکەوە رۆناڵدۆی بینیووە کاتێک لە سعودیە راهێنەری یانەی ئیتیحاد بوو و لە یارییەکی ئەستێرەکانی خولی سعودیشدا بەرامبەر پاریس سانجێرمان راهێنەرایەتی کریستیانۆی کردووە.
لە ماوەی رابردوودا جگە لە ریڤەرپلەیت، یانەکانی هیلالی سعودی، بۆتافۆگۆی بەرازیلی، چێڵسی ئینگلیزی و چەند یانەیەکی دیکە هەوڵیانداوە بۆ ئەوەی رۆناڵدۆ رازیبکەن بۆ مۆندیالی یانەکان یارییان بۆ بکات، بەڵام کریستیانۆ داواکاریی هەمووانی رەتکردووەتەوە.