بەیڵ دەیەوێت یانەیەکی بەنێوبانگی بەریتانیا بکڕێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا، گارێس بەیڵ، ئەستێرەی پێشووی وێڵز و یانەی ریال مەدرید دەیەوێت یانەیەکی بەنێوبانگی ئینگلیزی بکڕێتەوە و بەفەرمیش داواکارییەکەی پێشکێشکردووە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، گاریس بەیڵ کاردەکات بۆ ئەوەی یانەی کاردیف سیتی بکڕێتەوە و بۆ ئەوەش پەیوەندیی بە ڤینسێنت تان، خاوەنی یانەکەوە کردووە و ویستی خۆی بۆ کڕینەوەی ئەو یانەیە پێشانداوە، کە لە زێدی خۆیەتی و بەشداری لە رکابەرییەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرادا دەکات.
هەرچەند پێشتر دەستەوارەیەکی بەیڵ بۆ کڕینەوەی ئەو یانەیە لە مانگی رابردوودا رەتکراوەتەوە، بەڵام هێشتا چاوی لە کڕینەوەی یانەکەیە و لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بەردەوامە، بەتایبەت دوای ئەوەی گارێس دەنگۆکانی کڕینەوەی یانەی پلیمۆس ئارگیلی رەتکردەوە.
بەرلەوەی گارێس بەیڵ واز لە یارییکردن بهێنێت، دەنگۆی ئەوە هەبوو کە وەکو یاریزان پەیوەندی بە یانەی کاردیف سیتییەوە بکات، بەڵام ئەو چووە لۆس ئانجلێس ئێفی و دوای ئەنجامدانی 14 یاری بە درێسی یانەکەوە و بەشداریکردنی لە مۆندیالی 2022 بەیەکجاری وازی لە یارییکردن هێنا.
داواکاریی بەیڵ بۆ کڕینەوەی پشکەکانی ئەو یانەیە و خاوەنداریەتییەکەی لەکاتێکدایە، لوکا مۆدریچی هاوڕێی و ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید سەرەتای ئەم مانگە بووە هاوبەشی خاوەنداریەتیکردنی یانەی سوانزی سیتی، بەمەش ئەگەر بەیڵ یانەی کاردیف بکڕێتەوە هەردوولا ئەمجارە وەکو دوو خاوەن یانە دەکرێت رووبەڕووی یەکببنەوە.
یانەی کاردیف سیتی یانەیەکی دێرینی وێڵزە، لە 1899 دامەزراوە و تەمەنی 126 ساڵە، یانەکە لەم وەرزی رابردوودا لە چامپیۆنشیپدا ئەنجامەکانی خراپ بوون و لە پلەی کۆتایی ریزبەند بوو، بەمەش یانەکە بۆ خولی پلە یەکی ئینگلتەرا دابەزی.
دوایینجار کە یانەکە بەشداریی لە پرێمەرلیگدا کرد لە وەرزی 2018-2019 بوو، ئەو کاتە یانەکە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی بەدەستهێنا و دابەزی بۆ چامپیۆنشیپ.