ریال مەدرید 180 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئامانجە گەورەکەی ئامادەکردووە

رووداو دیجیتال

دەرگای خەزێنەکانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تەنیا بۆ یەک ئامانج دەکرێنەوە و لەو پێناوەدا یانەکە چاوپۆشی لە گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەکی دیکە دەکات.

سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی ریال مەدرید، باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی ریال مەدرید تاوەکو دوایین ساتەکانی مێرکاتۆی ئەم هاوینە چاوەڕێی هەڵوێستی پاریس سانجێرمان لەبارەی فرۆشتنی کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی فەرەنسی دەکەن، کە یاریزانەکە تاوەکو ئێستا سوورە لەسەر نوێنەکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی.

 

دوای ئەوەی هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ بڵاویانکردەوە کە ریال مەدرید چاوی بڕیوەتە سەر تواناکانی یەکێک لە دوو هێرشبەری یانەی یوڤێنتوس، پاولۆ دیبالا و فێدریکۆ کیێزا، سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە ئەو هەواڵەیان رەتکردوە و دووپاتیانکردەوە، کە ریال مەدرید دەرگای خەزێنەکانی داخستووە و تەنیا بۆ ئامانجە سەرەکییەکەی دەکاتەوە، کە گرێبەستکردنە لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ.

ئەو سەرچاوانە، باس لەوە دەکەن کە یانەی شاهانە 180 ملیۆن یۆرۆی بۆ مێرکاتۆی ئەم هاوینە دابینکردووە، بەڵام ئەو پارەیە تەنیا بۆ هێنانی ئێمباپێ خەرج دەکرێت، نەک دیبالا یان کیێزا.

ماوەی گرێبەستی کیلیان ئێمباپێی تەمەن 22 ساڵ، لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە هاوینی 2022 بەسەردەچێت، ئەگەر یانەی پاریسی لەم هاوینەدا نەتوانێت گرێبەستی ئەو یاریزانە نوێبکاتەوە، لە هاوینی ساڵ داهاتوودا دەبێتە یاریزانێکی ئازاد و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بچێتە یانەیەکی دیکە.