بازاڕی ئیساک گەرمە و یانەکەی داوای 130 ملیۆن یۆرۆ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بازاڕی ئەلیکساندەر ئیساک، ئەستێرەی سوێدی و یانەی نیوکاسڵ تادێت گەرمتر دەبێت و بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکەش قسەی نوێ دەکات.
هێرشبەرە سوێدییەکە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا داواکاریی زۆری لەسەرە، یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و هیلالی سعودی داوای دەکەن و یانەی نیوکاسڵ دەیەوێت هێرشبەرەکەی بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە.
ماوەیەکی زۆرە لیڤەرپوول لەگەڵ یاریزانەکە لە گفتوگۆدایە و رێککەوتنێکی سەرەتایی هەیە، بەڵام نیوکاسڵ ئامادەنییە دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت، یانەی هیلالی سعودیش بۆ گواستنەوەی هاتووەتە سەرهێڵ.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا و سعودیە، یانەی هیلال هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەستپێکردووە و مەرجەکانی گواستنەوەی یاریزانەکەش دەزانێت، یانەی نیوکاسڵ بۆ دەستبەرداربوون لە ئیساک داوای 130 ملیۆن یۆرۆ دەکات، یاریزانەکەش رازییە بۆ ئەوەی دەرگای گفتوگۆکردن بکاتەوە و گوێ لە دەستەوارەکان بگرێت.
بەڕێوەبەری کارەکانی هێرشبەرە سوێدییەکە لە لێدوانێکی نوێدا دەڵێت "ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو بژاردەکان دەکەین، رەنگە نزیک بین لە کۆتاییهێنان بە هەنگاوی داهاتووی یاریزانەکە، بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک ئاشکرابکەین سەبارەت بەوەی کە ئایا ئیساک لە نیوکاسڵ دەڕوات یان دەمێنێتەوە."
ئەلیکساندەر ئیساک، تەمەنی 25 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ نیوکاسڵ لە هاوینی 2028 کۆتاییدێت و ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی 120 ملیۆن یۆرۆیە.