لە ئەرجەنتین تووندوتیژی یارییەکی پاڵەوانێتی سود ئەمریکانا رادەگرێت

رووداو دیجیتاڵ

 

تووندوتیژی و پێکدادانی هاندەران یارییەکی پاڵەوانێتی سود ئەمریکانا لەنێوان یانەیەکی ئەرجەنتینی و یانەیەکی چیلی رادەگرێت و یارییەکە تەواو ناکرێت.
 
لە یاریی نێوان یانەی ئیندپێندێنتی ئەرجەنتینی و یۆنیڤێرسیداد دی چیلی  لە پاڵەوانێتی سود ئەمریکانا، کە لە بۆینس ئایرێس ئەنجام درا، پێکدادانی تووند لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە روویدا و بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یارییەکە.
 
یارییەکە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی شانزدەی پاڵەوانێتییەکە بوو، کە لە گێمی دووەمدا شەڕ و تووندوتیژی لەسەر پەیجی یاریگاکە دەستیپێکرد و یاریزانانی هەردوو یانە یاریگای لیبرتادۆرێس دی ئەمریکایان جێهێشت، بەهۆی زیادبوونی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە.
 
چەندین گرتەی ڤیدیۆیی ترسناک بڵاوبوونەوە، کە پێکدادانی تووندی نێوان هاندەرانی هەردوو یانە، لێدان بە دار و ئامێری تیژ، کەوتنەخوارەوەی هاندەران لە شوێنی بەرزەوە، و هەروەها دیمەنی برینداران و خوێنی لەسەر زەوی و نێو کورسییەکانی تێدابوو.
 
کاتێک یارییەکە راگیرا ئەنجامەکەی 1-1 بوو، لە کاتێکدا یانە چیلییەکە لە کۆی هەردوو یارییدا بە 2-1 لەپێشەوە بوو.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور رایگەیاند کە یارییەکە هەڵوەشێنراوەتەوە بەهۆی نەبوونی گەرەنتی ئەمنی لەلایەن یانەی میواندار و دەسەڵاتە ئەمنییە ناوخۆییەکانەوە.
 
هەروەها یەکێتییەکە ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆسێیەکە رەوانەی دەستە دادوەری دەکرێت، و زانیارییەکانی پەیوەست بە رووداوەکانی یارییەکەش دەنێردرێن بۆ لیژنەی رێکاری و دیسپلین.
 
پاڵەوانێتی سود ئەمریکانا بە دووەم گرنگترین پاڵەوانێتی یانەکان دادەنرێت لە ئەمریکای باشوور لە دوای کۆپا لیبرتادۆرێس، کە هاوتای پاڵەوانێتیی یۆرۆپالیگە لە ئەورووپا.