مێسییەکەی ریال مەدرید، بارسێلۆنا دەتۆقێنێت

رووداو دیجیتاڵ

 

فرانكۆ ماستانتۆنۆ، یاریزانی نوێی ریال مەدرید لە یەکەم یارییدا بووە جێگەی ترس بۆ رکابەرانی یانەی شاهانە، بەتایبەتی بارسێلۆنا.
 
یاریزانی لاوی ئەرجەنتینی بۆ یەکەمجار بەدرێسی یانەی ریال مەدریدەوە یاری کرد، کاتێک لە خولەکی 67 لە شوێنی ئیبراهیم دیازی مەغریبی لە یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسونا چووە نێو یاریگا، کە ئێوارەی سێشەممە لە چوارچێوەی گەڕی یەکەمی خولی ئیسپانیادا بەڕێوەچوو.
 
ئەستێرە تەمەن 18 ساڵانەکە چەند جوڵەیەکی هونەریی سەرنجڕاکێشی پێشکێش کرد کە توانای ئەو بۆ درەوشانەوە لەگەڵ ریال مەدرید و بوون بەئەستێرەیەکی گەورە لە داهاتوودا پشتڕاست دەکاتەوە. هەروەها چەند نیشانەیەکی دەرخست کە رکابەرانی یانەی شاهانە و بەتایبەتی رکابەری بارسێلۆنای رکابەری سەرسەختی دەترسێنێت، کە ئەمانەن:-
 
متمانەی راهێنەر
 
ئەستێرە لاوە ئەرجەنتینییەکە یەکەم گۆڕانکاریی راهێنەرە ئیسپانییەکە بوو لە یارییەکەدا و خستییە پێش یاریزانانی بەئەزموونتری وەک رۆدریگۆی بەرازیلی، ئەمەش بڕوابوونی تەواوی راهێنەرەکە بە تواناکانی پشتڕاست دەکاتەوە و وای لێدەکات خولەکی زیاتری یاری پێببەخشێت وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەی ببێتە یاریزانێکی سەرەکی لە پێکهاتەی مێرەنگی.
 
متمانە بەخۆبوون
 
سەرەڕای ئەوەی یەکەم خولەکەکانی بوو لەگەڵ یانەیەکی گەورەی وەک ریال مەدرید، فرانكۆ ماستانتۆنۆ هەستی بەهیچ گوشارێک نەکرد. متمانە بەخۆبوون و باوەڕی بە تواناکانی لە رێگەی داواکردنی تۆپ، جوڵە هونەرییەکانی و هەوڵەکانی بۆ یاریکردن بە بەرامبەر و بڕینی بەرگریکاران بەڕوونی دیاربوو.
 
جێبەجێکردنی لێدانە جێگیرەکان
 
ئەستێرە لاوە ئەرجەنتینییەکە بەمتمانەیەکی زۆرەوە دەچووە پێشەوە بۆ جێبەجێکردنی لێدانە جێگیرەکان، چ لێدانەکانی کۆرنەر بێت یان لێدانی راستەوخۆ. ئەمە هەمان ئەو کارە بوو کە لەگەڵ یانەی ریڤەرپلەیتی ئەرجەنتینی دەیکرد، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی لە 17 ساڵ تێپەڕی نەکردبوو.
 
وا چاوەڕوان دەکرێت ئەم یاریزانە لاوە ئەم وەرزە رۆڵێکی گەورەی لە لێدانە جێگیرەکاندا هەبێت لە ریال مەدرید و رکابەریی یاریزانانی وەک ئاردا گولەر، ئێمباپێ و ئارنۆڵد بکات.
 
جەنگاوەرێکی شەڕانگێز
 
فرانكۆ ماستانتۆنۆ بە گوشارخستنە سەر رکابەر، یارمەتیدانی بەرگری و شەڕکردن لەسەر تۆپ ناسراوە، کە ئەمانە چەند تایبەتمەندییەکن ریال مەدرید لە یاریزانانی هێڵی هێرشبردنیدا بەکەمیی هەیەتی.
 
ماستانتونۆ لە خولەکەکانی کۆتاییدا رۆحێکی شەڕانگێزانەی بەرزی نیشاندا، کاتێک لە خولەکی 88 شەڕێکی زۆری کرد بۆ وەرگرتنەوەی تۆپ لە هێرشێکی مەترسیداری یانەی ئۆساسونا.
 
سەرکەوتنی ئەرجەنتینییەکان لە ریال مەدرید
 
پێش ماستانتونۆ چەندین یاریزانی ئەرجەنتینی درێسی ریال مەدریدیان پۆشیوە و وەک ئەفسانە یانەکەیان جێهێشتووە، دیارترینیان ئەلفرێدۆ دی ستیفانۆی کۆچکردوو بوو، کە هێمای یانە شاهانەییەکە بوو وەک یاریزان و بۆ چەندین ساڵ ئەستێرە و سەرۆکی شانازیی یانەکە بوو.
 
هەروەها یاریزانانی وەک ریدۆندۆی ناوەڕاستکار، گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەر و ئانخێل دی ماریا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێنا.
 
ئێستا فرانكۆ ماستانتۆنۆ خۆی ئامادە دەکات بۆ هەڵگرتنی مەشخەڵی ئەرجەنتینییەکان لە ریال مەدرید و بەدەستهێنانی سەرکەوتن، درەوشانەوە و بردنەوەی نازناوەکان.