بەرشلۆنە و شوفێرێكی كورد كۆمەكی ئاوارەکانی باشووری كوردستان دەکەن
رووداو- هەولێر
یانەی بەرشلۆنەی پڕ ئەستێرە و ئیسحاق توتوملو, شوفێری نێوداری پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل، کە كوردە، لەگەڵ كۆمپانیایەكی خێرخوازی لە رێككەوتندان بۆ بەخشینی هەزاران تاخمی جلوبەرگی یانەی بەرشلۆنە و جلوبەرگی پێشبڕكێ بەو ئاوارانەی، كە لە عێراق و سووریا ئاوارەی باشووری كوردستان بوونە.
بەپێی زانیارییەکان، دەستەی كارگێڕی یانەی بەرشلۆنە و دەزگای خێرخوازی بارزانی رێككەوتوون بۆ بەخشینی جلوبەرگ بەسەر سەدان هەزار ئاوارەی هەڵاتووی دەستی داعش و شەڕو پێكدادانەكان لە سووریا و عێراق.
ئیسحاق توتوملو, شوفێری پێشبڕكێی كراوەی GTـییە، كە پێشبڕكێی ئۆتۆمبێلە خێراكان لەخۆدەگرێت و نوێنەرایەتی تیمی پێشبڕكێی بارزانی دەكات.
ئەو شوفێرە كە لە دایكێكی ئیسپانی و باوكێكی كوردە، بۆ یارمەتیدانی هەزاران ئاوارەی بێ رێوشوێن، كە ژمارەیان لە ملیۆنێك و 400 هەزار زیاترە، هەڵدەستێت بە بەخشینی كۆمەك، كە پێكدێن لە جلوبەرگی شوفێری.
سەبارەت بە ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان لە ناوچەكە، ئیسحاق هاوخەمی خۆی دەربڕی و گوتی، "بەڕاستی جێگای خەمە، كە دەبینم شەڕ و شۆڕ بەهەزاران ئاوارەی خستووەتە دۆخێكی ناهەمووار". دەشڵێت" بەلامانەوە گرنگ بوو پەیوەندی بە یانەی بەرشلۆنەوە بكەین، تا لەگەڵمان هاوكاربن بۆ بەخشینی كۆمەك بە ئاوارەكان".
دابان شەدەلە، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیسپانیا, لەڕێگەی میدیاكانەوە خەڵكی دڵنیاكردەوە، كە هەردوو تیمی بارزانی و یانەی بەرشلۆنە لەرێگەی هەولێرەوە كۆمەكییەكانیان دەگەیەننە ئاوارەكان لە باشووری كوردستان.