ڤیدیۆگرافیک؛ دێربیی کوردستان.. یارییەک بۆ کردنەوەی گرێی یەکسانبوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

یاریی دێربیی کوردستان، لە رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی زاخۆ و هەولێر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یانەی زاخۆ بە ئامانجی درێژەدان بە ئەنجامە باشەکانی لەم وەرزەی رکابەرییەکانی خولی یانە نایابەکانی عێراق، لە یاریگەی خۆیدا میوانداری هەولێر دەکات، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی سێ خاڵ و هەنگاونانی زیاتر بەرەو پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە.
 
کاژێر 14:00 دێربیی کوردستان لە خولەکەدا لەسەر یاریگەی زاخۆ بە ئامادەبوونی رێژەی 30٪ هاندەران دەکرێت، زاخۆ رۆژی شەممە دوایین ئامادەکارییەکانی لەژێر سەرپەرشتی عەبدولوهاب ئەبولهێلی راهێنەری تیپەکە ئەنجامداوە و بە ورە بەرزییەوە دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە بکات، بەتایبەت کە لە بەردەم هاندەرانی یارییدەکات، بۆ ئەم یارییە هەریەکە لە کایکی ئۆلیڤێرای بەرازیلی و ئەمجەد وەلید بەهۆی وەرگرتنی زۆری کارتی زەردەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
 
زاخۆ و هەولێر دوایین سێ یاریی نێوانیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە و هەردوو یانە دەیانەوێت ئەمڕۆ ئەو گرێیە بکەنەوە و سێ خاڵی یارییەکە ببەنەوە.
 
یانەی هەولێر لەم وەرزەی خولی یانە نایابەکانی عێراق تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی بەدڵی هاندەران نییە و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێت.
 
هەولێر دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ ئەم یارییە بەباشی کردووە و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە کە لە یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی نەفتی بەسڕە دۆڕا، بەڵام ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە ئاسان نابێت.


شوان مامۆ، کاپتنی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت " ئامادەکارییەکانمان زۆرباشە، سەرەڕای ئەوەی لە یاریی رابردوودا دۆڕاین، ئەو هەڵانەی لە یارییەکەدا کران راستکراونەتەوە و یاریزانەکان بۆ یارییەکەی بەرامبەر زاخۆ ئامادەن بۆ ئەوەی سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە و ئامانجی هەموو یاریزانەکانیش ئەوەیە کە یارییەکە ببەینەوە."
 
لەلایەن خۆیەوە تەها عەبدولحەکیم، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ بە رووداوی گوت " یارییەکە لەرووی هونەرییەوە وەک هەموو یارییەکی دیکەیە، بەڵام یارییەکە لە یاریگەی ئێمەدایە و چاومان لە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکە، بەڵام دێربیی کوردستان هەمیشە یارییەکی تایبەتە و دەبێت روویەکی جوان پێشانی جیهان بدات، لەکاتێکدا هەردوو یانە نوێنەرایەتی کوردستان دەکەن و هیوادارم بەشێوەیەکی زۆرباش دەربکەوێت و یارییەکە گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ ئێمە و هاندەرانمان."
 
سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ دەڵێت " گۆشارمان نەخستووەتە سەر یاریزانەکانمان، راستە یارییەکە گرنگە و بەڵام دەبێت لە رووی دەروونییەوە و زۆرباش ئامادەبین و دەمانەوێت یارییەکە ببەینەوە."
 
زاخۆ و هەولێر لەکاتێکدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، دوایین سێ یاریی نێوان هەردوو یانە بەیەکسانبوون کۆتاییهاتوون، لە دوایین 6 یارییشدا تەنیا یەک یاری بەبردنەوە کۆتاییهاتووە ئەویش لە 2016 بوو، کاتێک زاخۆ بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە هەولێری بردەوە.
 
لە بووڵتەنی هەواڵە وەرزشییەکانی تۆڕی میدیایی رووداودا، کە کاژێر 8:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، لە رێگەی ئینفۆگرافیکەوە زانیارییەکانی تایبەت بە هەردوو یانە و کاروانی یارییکردنیان لەم وەرزەی خولی عێراقدا پێشاندرا.
 
 
دیمەنی یارییەکی مێژوویی نێوان هەردوو یانە لە 29-2-2016 
 

 
سەرۆکی یانەی زاخۆ لەبارەی یارییەکەوە چی دەڵێت؟