ئێمباپێ لە شەوی یادی لەدایکبوونیدا مێژووی لەگەڵ ریال مەدرید نووسییەوە
رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی ریال مەدرید، دوای بردنەوەی تیپەکەی بەرامبەر سێڤییا، ریکۆردێکی مێژوویی کریستیانۆ رۆناڵدۆی یەکسانکردەوە و بووە خاوەنی زۆرترین گۆڵ لە ساڵێکدا لەگەڵ یانەی شاهانە.
ریال مەدرید لە دوایین یاریی خۆیدا لە ساڵی 2025، لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەئەنجامی 2-0 لە یانەی سێڤییای بردەوە. کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 86ـی یارییەکەدا لە رێگەی لێدانی سزاوە گۆڵی دووەمی تیپەکەی تۆمارکرد، ئەمەش بووە گۆڵی ژمارە 59ـی ئەو یاریزانە لە ساڵی 2025. بەم گۆڵە ئێمباپێ گەیشتە هەمان ئەو ژمارەیەی کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە ساڵی 2013 تۆماریکردبوو.
ئێمباپێ کە هەر لەو شەوەدا یادی 27 ساڵەی لەدایکبوونی دەکردەوە، دوای تۆمارکردنی گۆڵەکە ئاهەنگی "سیووووووو"ـی بەناوبانگی رۆناڵدۆی گێڕا. لە کۆتایییەکانی یارییەکەدا، ئێمباپێ هەلی ئەوەی بۆ رەخسا ریکۆردەکە بشکێنێت کاتێک ناوبژیوان لێدانێکی سزای دیکەی بۆ ریال مەدرید هەژمارکرد، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤار، بڕیارەکە هەڵوەشایەوە، چونکە دەرکەوت دین هاوسن فاوڵی لەسەر جود بێلینگهام نەکردووە، ئەوەی جێگەی بایەخ و سەرنج بوو گیانی وەرزشی جود بوو کە بە ناوبژیوانی یارییەکەی گوت ئەم حاڵەتە لێدانی سزا نییە و یاریزانەکە تۆپەکەی لە من پچڕاند.
گۆڵی یەکەمی ریال مەدرید لە خولەکی 38 لە لایەن جود بێلینگهام بە لێدانی سەر تۆمارکرا، دوای ئەوەی رۆدریگۆ تۆپێکی جێگیری ئاراستەی ناو ناوچەی سزا کرد. یانەی سێڤییا لە خولەکی 68ـەوە بە 10 یاریزانەوە یارییەکەی تەواوکرد، دوای ئەوەی مارکاو بە کارتی سوور کرایە دەرەوە.
ئێمباپێ دوای یارییەکە بە میدیاکانی یانەکەی راگەیاند "ئەمڕۆ ریکۆردی نموونەی باڵای خۆم یەکسانکردەوە کە کریستیانۆ رۆناڵدۆیە، ئەو گەورەترین یاریزانی مێژووی ئەم یانەیەیە". هەروەها گوتی "ئاهەنگگێڕانەکەمم پێشکێش بە ئەو کرد، ئەو هاوڕێ و پاڵەوانی منە".
ئەم سەرکەوتنە تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆی بە تەنیا یەک خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ نزیککردەوە. بردنەوەکە لە کاتێکدایە چابی ئەلۆنسۆ بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی پێشووەوە لەژێر گوشارێکی زۆردایە. هەرچەندە تیپەکە سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام هاندەرانی بێرنابیۆ لە هەندێک کاتی یارییەکەدا فیکەی ناڕەزایەتییان بۆ دین هاوسن و ڤینیسیۆس جۆنیۆر لێدەدا.
ئێمباپێ لەکاتێکدا ئەم ریکۆردەی تۆمارکرد کە ساڵی رابردوو دەستپێكێکی سەختی هەبوو، تەنانەت لە 12ـی 2024 دوای لەدەستدانی لێدانێکی سزا گوتبووی گەیشتووەتە خراپترین ئاستی، بەڵام دواتر بەم ئاستە نایابە هەموو گومانەکانی رەواندەوە.