خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکاتەوە
رووداو دیجیتال
دوای مانگێک لە وەستانی یارییەکان، سبەی دووشەممە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە ئەنجامدانی چوار یاری، جارێکی دیکە ژیان دەگەڕێتەوە نێو یاریگەکانی عێراق.
وەرزی ئەمساڵ یانەی هەولێر بەسەرپەرشتی باسم قاسم، گەورە راهێنەری عێراق ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و هیچ یارییەک نەدۆڕاوە، دوای تەواوبوونی حەوت گەڕ لە یارییەکانی خولەکە تیپەکە بەکۆکردنەوەی 19 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەیە.
یانەی هەولێر دوور لە یاریگە و هاندەرانی یاری لەگەڵ یانەی دیالە دەکات، رکابەرەکەی هەولێر ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بەجیاوازی سێ خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییە، درێس زەردەکان دوو رۆژە گەشتی بەغدایان کردووە و چاوییان لە سەرکەوتنێکی دیکەیە، لە ریزی هەولێر هەریەک لە موعتەز زادەم، بەهۆی کەڵەکەبوونی کارت و زولفەقار یونس، بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن.
هێمن هەولێری، بەرپرسی نووسینگەی راگەیاندنی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "تیپەکەمان بەشێوەیەکی زۆر باش ئامادەیە و دوو یەکەی راهێنان لە بەغدا ئەنجام دەدەین و رۆژی یارییەکە گەشتی دیالە دەکەین، باری دەروونی تەواوی تیپەکەمان جێگیرە و دەمانەوێت سێ خاڵی یارییەکە بۆ ئێمە بێت".
خاڵێکی دیکەی بەهێزی یانەی هەولێر بوونی شێرزوود تیمیرۆڤ، یاریزانی پیشەگەری ئۆزبەکستانە، کە گۆڵکاری خولەکەیە بە تۆمارکردنی 7 گۆڵ، مستەفا قابیل، ئەستێرەی لاوی ئیمپراتۆر دۆخی باش بووە، لە پێکان گەڕاوەتەوە و چاوەڕواندەکرێت یاریبکات.
لە پایتەختی رۆشنبیری، یانەی نەورۆز میوانداری یانەی ئەمانە بەغدا دەکات، هاندەرانی نەورۆزی کوردان بەهیوایەکی زۆرەوە لەو یارییە دەڕوانن و چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەنجامە باشەکانن، لەبەرئەوەی دەستپێکی تیپەکەیان خراپە و شەش یاری دۆڕاوە و بردنەوەیەکی هەیە، تیپەکە لە ناوچەی مەترسی ریزبەندییە.
لەو یارییەدا هەموو چاوەکان لەسەر وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆزە، دوای گەڕانەوەی چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری گەورە لە شێوازی یاریکردنیان و پێکهاتەی یاریزانانی کردبێت.
لەم گەڕەدا یانەی دهۆک دەیەوێت هاندەرانی دڵخۆش بکات، بەبردنەوەی لە یانەی نەجەف، دهۆک پێچەوانەی وەرزی رابردوو کە جامی کەنداو و جامی عێراقی بەرزکردەوە، ئەمساڵ ئاستی باش نییە، بەڵام هاتنی عەبدولغەنی شەهد، بووەتە مایەی گەڕانەوەی ئومێد بۆ ئالهوێن چیای.
ئێستا یانەی دهۆک بەکۆکردنەوەی پێنج خاڵ لە پلەی شازدەی ریزبەندییە، یانەی نەجەف شەش خاڵ پلەیەک لەپێش دهۆکە.
هەرچی یانەی زاخۆیە دوای تەواوبوونی یارییەکەی بەرامبەر یانەی عەینی ئیماراتی لە جامی کەنداو، رۆژی شەممە یاری لەگەڵ یانەی گەرمە دەکات، هاندەرانی یانەی زاخۆ دوای نووسینەوەی دەسکەوتێکی گەورە و بردنەوەی خەڵاتی زەبێست وەک باشترین هاندەر لەسەر ئاستی جیهان، چاوییان لە ململانێیە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق.
یانەی زاخۆ و یانەی گەرمە هەریەکەیان 13 خاڵیان هەیە، گەرمە لە پلەی پێنجەمی ریزبەندییە و زاخۆش لە پلەی شەشەمە.
یارییەکانی دیکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەمشێوەیە:
کەرخ - غەراف
موسڵ - نەفتی میسان
کارەبا - قاسم
نەفت - جەوییە
تەڵەبە - شورتە
زەورا - مینا
یانەی هەولێر خاوەن بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە کە 12 گۆڵیان تۆمارکردووە، یانەی نەورۆز هێڵی بەرگری خراپە کە 16 جار گۆڵەکەی هەژێندراوە.