کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناوازەترین ڤێلا لە سعودیە دەکڕێت
رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی ئاشکرایکردووە، کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی و جۆرجینای کچەهاوڕیی، دوو ڤێلای ناوازەیان لە سعودیە کڕیوە کە دەکەوێتە سەر کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتە.
کڕینەکە پاش ئەوە دێت کە رۆناڵدۆی تەمەن 40 ساڵان، بووە یەکەم یاریزانی مێژووی تۆپی پێ، سامانەکەی بگاتە ملیارێک پاوەند. سەرچاوەکان دەڵێن ئێستا کریس خاوەنی ملیارێک و 40 ملیۆن پاوەندە.
ئەو دوو ڤێلایەی رۆناڵدۆ کڕیویەتییەوە، لەناو پڕۆژەیەکدایە بەناوی ریزێرڤ ریزدنس ریتز کارلتۆن و 26 کیلۆمەتر لە وشکانییەو دوورە و تەنیا بەهۆی بەلەم یان فڕۆکەی ئاوییەوە هاتووچۆی ڤێلاکان دەکرێت و ئەوەش وایکردووە، ئەو پڕۆژەیە تایبەتمەندییەکی ناوازەی دابڕاوی هەبێت.
کریس و جۆرجینا، ئەو دوو ڤێلایەیان کڕیوە کە یەکەمیان سێ ژووری نووستنی تێدایە بۆ ئەندامانی خێزانەکە و ئەوەیدیکەش دوو ژووری نووستنی تێدایە و تایبەتمەندترە.
رۆژنامەکە دەڵێ جۆرجینا و رۆناڵدۆ لە کڕیارە یەکەمەکانی پڕۆژەکەبوون و بەنیازن ڤێلای زیاتریش لە هەمان پڕۆژەدا بکڕنەوە.
نرخی ڤێلاکان لە پڕۆژەکە لە 15.5 ملیۆن ریالی سعودیەوە دەستپێدەکات کە دەکاتە نزیکەی 3.1 ملیۆن پاوەند، لە کاتێکدا ئاشکرانەبووە رۆناڵدۆ ڤێلاکانی خۆی بەچەند کڕیوە.
پڕۆژەکە لەسەر شێوازی پانکێکی گەشتیاریی سەربەخۆ دروستکراوە لە ناوەڕاستی دەریادا، کۆی پڕۆژەکە لە 19 ڤێلا پێکهاتووە کە تایبەتمەندیی گەورەیان هەیە و دیزاینێکی جیهانیی سەرنجڕاکێشی هەیە کە لە سرووشتەوە زۆر نزیکە و خاوەنی ژینگەیەکی تەواو خاوێنە.
رۆناڵدۆ و کچەهاوڕێکەی، پلانیان هەیە پشووی داهاتوویان لە پڕۆژەکەدا بەسەرببەن و ژمارەیەک لە کەسوکارەکانیان بانگهێشت بکەن.
رۆناڵدۆ قسەی بۆ رۆژنامەکە کردووە و دەڵێ، "لە یەکەم ساتی سەردانکردنی جێگاکەوە، لەگەڵ جۆرجینادا هەستمانکرد پەیوەستبوونێکی تایبەتمان بەدوورگەکە و ناوچەکە و جوانییەکەی هەیە، شوێنێکە هەست بەئارامی و ئاسایش دەکەین تێیدا. ئێستا کە ئیدی خاوەنی خانووی خۆمانین تێیدا، دەتوانین کەشێکی خێزانیی ئارام و تایبەتی تێدا بەسەرببەین".
لەگەڵ رۆناڵدۆ و جۆرجینادا، هەریەکە لە ئالانا و بێلا دەژین کە منداڵی رۆناڵدۆ و جۆرجینا پێکەوەن، ئەمە جیا لە کریستیانۆ جۆنیۆر و ئیڤا و ماتیۆ کە منداڵی رۆناڵدۆن لە دایکی دیکە.
رۆناڵدۆ کە لەلایەن ئاژانسی بلومبێرگەوە سەروەتەکەی بە زیاتر لە ملیارێک پاوەند خەمڵێنراوە، خاوەنی گرێبەستێکی تاهەتاییە لەگەڵ کۆمپانیای نایک کە بەهاکەی 745 ملیۆن پاوەندە و ئەوەش گەورەترین گرێبەستە لە مێژووی کۆمپانیاکەدا.