ریال مەدرید بە 10 یاریزان یاری دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاندەرانی یانەی ریال مەدرید یاریزانێکیان بە گەورەترین خاڵی لاوازی یانەکەیان لە یاری بەرامبەر سێڤییا دیاریکرد و ئاستی ئەو یاریزانە زۆرترین تووڕەیی هاندەرانی ریال مەدریدی بەدوای خۆیدا هێنا.
ریال مەدرید سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر سێڤییا بەئەنجامی 2-0 بەدەستهێنا، لەو یارییەدا کە دوێنێ شەممە لە چوارچێوەی گەڕی 17ـی خولی ئیسپانیا بەڕێوەچوو. بەمەش ریال مەدرید کۆی خاڵەکانی گەیاندە 42 خاڵ لە پلەی دووەمدا، تەنیا بە یەک خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگ و رکابەریەوەیە، کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە لە یارییەکی لووتکەی چاوەڕوانکراودا رووبەڕووی ڤیاڕیال ببێتەوە.
سەرەڕای بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکە، تیپی شاهانە ئاستێکی مامناوەندی پێشکەش کرد، ئەگەر درەوشانەوەی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی نەبووایە کە ئەستێرەی یارییەکە بوو و چەندین هێرشی مەترسیداری یانە ئەندەلووسییەکەی گەڕاندەوە، ئەنجامەکە زۆر ئاڵۆزتر دەبوو.
فران گارسیا، بەرگریکاری چەپی ئیسپانی تەمەن 26 ساڵ، ئەو یاریزانە بوو کە زۆرترین ناڕەزایەتی و تووڕەیی لای هاندەرانی ریال مەدرید دروست کرد، دوای ئەوەی جارێکی دیکە بەشێوەی سەرەکی بەشداری کرد دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزادانی، کە بەو هۆیەوە لە یاریی بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس دابڕابوو.
هاندەرانی ریال مەدرید پەنایان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان برد بۆ هێرشکردنە سەر یاریزانەکە، یەکێک لە بەکارهێنەران لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی "فران گارسیا؟ باشترە بە دە یاریزانەوە یاری بکەین".
یەکێکی دیکە پشتیوانی قسەکەی کردووە و نووسیویەتی "بوونی فران گارسیا واتا ئێمە بە دە یاریزانەوە یاری دەکەین، تەنیا راکردنی بێمانایە".
هاندەرێکی دیکەش نووسیویەتی "یاریکردن بە فران گارسیا، واتا چابی ئەلۆنسۆدەیەوێت بڕوات".
هەروەها هاندەرێکی دیکە یاریزانەکەی بە بارگرانی بۆ سەر تیپەکە داناوە و نووسیویەتی "فران گارسیا بارگرانییە".
چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئیسپانی دوای بردنەوەی لە سێڤییا هەناسەیەکی ئاسوودەی هەڵکێشا، چونکە بەلایەنی کەمەوە تاوەکو جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە. هاوکات پشووەکانی کۆتایی ساڵ بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون دەبێتە دەرفەتێک بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی تیپەکە و گەڕانەوەی هەندێک لە یاریزانە پێکراوەکان.