ڤیدیۆ؛ ئەفغانستانییەکان دڵخۆشن بەوەی تاڵیبان رێگری لە خلیسکانی سەربەفر ناکات
رووداو دیجیتاڵ
دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەستەڵات، ئەفغانستانییەکان وایاندەزانی کە وەرزش لە وڵاتەکەیان کۆتاییپێهات، چونکە لە سەردەمی دەستەڵاتداریەتی یەکەمی ئەو بزووتنەوەیەدا هەموو وەرزشەکان قەدەخە کران، بەڵام تاڵیبان ئەمجارە نەرمترن و جۆرێک لە ئاسانکاری بۆ هەندێک لە یارییە وەرزشییەکان دەکەن
ئەمە هانی ئەفغانستانییەکانی داوە بەرەو پیری یارییە وەرزشییەکان بچنەوە، لانیکەم ئەو یارییانەی کە تاڵیبان بە شەرعییان دەزانێت و رێگری لە بەڕێوەچوونیان ناکات.
لە ویلایەتی غەزنەی باشووری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان بۆ یەکەمجار تیپێکی یاریی خلیسکانی سەربەفر دامەزرێنرا، کە کۆمەڵێک لە گەنجان ماوەیەکە خەریکی مەشقن بۆ بەشداریکردن لە پێشبڕکێیەکی خلیسکان.
بڕیارە پیشبڕکێیەکە لە دەوروبەری شارەکە بکرێت، کە سەرەڕای ئەوەی نافەرمی دەبێت، بەڵام پێشبڕکێکاران لە سەرانسەری وڵاتەوە بەشداری تێدا دەکەن.
خەڵکی غەزنە پێیانوایە هەرێمەکەیان زۆر گونجاوە بۆ پێشخستنی وەرزش تێیدا و داوا لە دەستەڵاتدارانی وڵات دەکەن یارمەتیان بدەن و ژێرخانی وەرزشیی ناوچەکە بەرەوەپێشببەن، بۆ ئەوەی بتوانن وەرزشوانی بەتوانا پێبگەینن و لە بۆنە و پاڵەوانێتییە جیهانییەکاندا ناوی ئەفغانستان بەرز بکەنەوە.
خەلیل عیازی، راهێنەرێکی خلیسکانی سەبەفرە، ئەو داوادەکات ئەم یارییە لە هەرێمەکەیان و لە سەرانسەری وڵاتدا بەرەوەپێش ببرێت.
ئەو دەڵێت "من ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم، چونکە ویلایەتی غەزنە تیپێکی خلیسکانی هەیە، هیوادارم ئەم تیپە دەستکەوتی باشی هەبێت، داوا لە لیژنەی ئۆڵیمپیی نیشتیمانی دەکەین بایەخی زیاتر بەم وەرزشە بدرێت بۆ ئەوەی لە دواڕۆژدا ببینە خاوەنی چەندین پاڵەوان لەم بوارەدا لە ویلایەتی غەزنە".
وەرزشوانەکانی غەزنە زۆر دڵخۆشن کە بواری ئەوەیان بۆ رەخساوە یارییە دڵخوازەکەیان بکەن، بۆیە زۆر بە جددی مەشقەکانیان دەکەن.
ئەحمەد یاسر، کە یەکێکە لەو وەرزشوانانە، دەڵێت "من یەکێکم لەو وەرزشوانانەی لە غەزنە دەستمان بە وەرزش کردووە و بە بەردەوامی مەشق دەکەین، ئێمە پێشتریش لە هەرێمی بامیان ئەم وەرزشەمان کردووە، ئێستاش دەستمان پێکردووە، دڵخۆشم کە لە هەرێمەکەمان بوار بۆ ئەنجامدانی ئەم یارییە رەخساوە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی".
خەڵکی ئەم ویلایەتە، کە یەکێکە لە 34 ویلایەتەکەی ئەفغانستان و شاری غەزنی پایتەختەکەیەتی، زۆر وەرزشدۆستن و هەمیشە لە یارییە وەرزشییە جیاجیاکاندا بەهرەی باشیان تێدا دەردەکەوێت، بۆیە سەیر نییە ئەگەر لە داهاتوودا خلیسکێنەرانی ئەم ویلایەتە بەشداری لە ئۆڵیمپیاددا بکەن.