بارسێلۆنا دەرفەتی سەرکەوتنی راستەوخۆی لە چامپیۆنزلیگدا هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا دوای تەواوبوونی حەوت گەڕ لە چامپیۆنزلیگ بەکۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییەکە دەبینرێت و تەنیا بردنەوە لە دوایین یاریی گرەنتی سەرکەوتنی راستەوخۆی بۆ قۆناخی 16 ناکات، چونکە چارەنووسی لەدەست خۆی نەماوە و چاوەڕێی هەڵەی تیپەکانی دیکە دەکات.
بارسێلۆنا بۆ ئەوەی هەلێکی راستەقینەی بۆ مانەوە لەنێو هەشت یانە یەکەمەکە هەبێت، دەبێت سێ خاڵی دوایین یاریی بەدەستبهێنێت و کۆی خاڵەکانی بگەیێنێتە 16 خاڵ. بەپێی ئامارەکان گەیشتن بەم ژمارەیە لە زۆربەی بارودۆخەکاندا بەس بووە بۆ ئەوەی یانەکان راستەوخۆ سەرکەون بۆ قۆناخی 16، بەڵام ئەم وەرزە ململانێکان تووندترن.
تیپە کەتەلۆنییەکە لەم ئەرکەدا رووبەڕووی ئاڵنگارییەکی گەورە دەبێتەوە، چونکە چەندین رکابەری بەهێز لە پێش خۆی دەبینێت. پاریس سانجێرمان، نیوکاسڵ یونایتد، چێڵسی، مانچێستەر سیتی، سپۆرتینگ لیسبۆن، ئاتاڵانتا و ئاتلێتیکۆ مەدرید هاوشێوەی بارسێلۆنا خاوەنی 13 خاڵن. جیا لەوانە یانەکانی یوڤێنتوس، بۆرووسیا دۆرتمۆند و گاڵاتەسەرای بە 12 خاڵەوە لە ململانێکەدا ماونەتەوە.
جیاوازیی گۆڵ دەبێتە فاکتەری سەرەکی بۆ یەکلاکردنەوەی تیپە سەرکەوتووەکان لە ئەگەری یەکسانبوونی خاڵەکان. بارسێلۆنا خاوەنی 5 گۆڵی زیادەیە، لەکاتێکدا پاریس سانجێرمان و نیوکاسڵ یونایتد بە 10 گۆڵی زیادە پێشەنگی ئەو یانانەیان گرتووە 13 خاڵیان هەیە. میدیا وەرزشییەکان ئاماژە بەوە دەدەن بارسێلۆنا تەنیا پێویستی بەبردنەوە نییە، بەڵکو دەبێت بە ئەنجامێکی گەورە یارییەکە بباتەوە تاوەکو رێژەی گۆڵەکانی زیاتربکات بۆ سەرکەوتن.
پێشبینییە ئامارییەکان دەریدەخەن ئەو تیپانەی 15 خاڵ کۆدەکەنەوە، بەڕێژەی 73% دەگەنە قۆناخی داهاتوو. بارسێلۆنا بۆ ئەوەی لەو بازنە مەترسیدارە دووربکەوێتەوە، دەبێت سێ خاڵی یارییەکە مسۆگەر بکات و هیوای ئەوە بخوازێت رکابەرەکانی تووشی دۆڕان ببن.