ئەستێرەیەکی فەرەنسا و کچەهاوڕێکەی بە بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە تۆمەتبارکراون


رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایانکردووە، لوکاس هێرناندێزی بەرگریکەری پاریس سانجێرمان و کچەهاوڕێکەی، رووبەڕووی تۆمەتی بازرگانییکردن بەمرۆڤ بوونەتەوە، پاشئەوەی خێزانێکی کۆڵۆمبی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوون.
 
هێرناندێز و کچەهاوڕێکەی هەروەها بەوە تاوانبارن کە بەبێ مۆڵەت کاریان بەخەڵک کردووە.
 
گۆڤاری 'پاریس ماچ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، خێزانێکی کۆڵۆمبی کە لە نێوان مانگی نۆی 2024 تاوەکو مانگی یانزەی 2025، لە ماڵەکەی لوکاس و کچەهاوڕێکەیدا کاریان کردووە و ژمارەیان پێنج کەس بووە، ئەوانیان بە کارپێکردنی نایاسایی و زێدەکاری نایاسایی تۆمەتبارکردووە.
 
گۆڤارەکە ئاشکرایکردووە، لوکاس و کچەهاوڕێکەی ئەو کەسانەیان لە کارەکانی وەک پاسەوان و سیکیوریتی، خاوێنکردنەوە و چێشتلێنان و چاودێریکردنی منداڵ بەکارهێناوە، بەبێ مۆڵەتی کار، کاریان بەوان کردووە و کاژێری درێژی بێپشوو کە هەندێکجار 84 کاژێر بووە بەبێ پشوو، کاریان بەوان کردووە.
 
سکاڵاکارەکان دەڵێن، لوکاس و کچەهاوڕێکەی بازرگانییان بە ویست و ژیان و گوزەرانی ئەوانەوە کردووە.
 
یەکێک لە ئەندامانی خێزانە کۆڵۆمبییەکە، کە گۆڤارەکە بە 'ماری' ناوی بردووە، دەڵێ، هاوژینەکەی لوکاسم لە کۆڵۆمبیا ناسی، ئەوکات ئەو هاتبوو بۆ نەشتەرگەرییەکی جوانکاری و من پەرستاری بووم.
 
پەرستارەکە روونی کردووەتەوە، کە دواتر ژمارە تەلەفۆنی کچە هاوڕێکەی لوکاسی وەرگرتووە و پەیوەندی پێوەکردووە.
 
ئەو دەڵێ دوای ئەوە، کچەهاوڕێکەی لوکاس داوای لێکردم کاری لەگەڵدا بکەم، بەڵێنی پێدام لە ماوەی شەش مانگ بۆ ساڵێک، پەڕاوی یاساییم بۆ دروست بکات، تاوەکو بتوانم بچمە هەر شوێنێکی جیهان کە بمەوێت. منیش بەوە رازیبووم، زۆر دڵخۆشبووم، لەبەرئەوەی بەڵێنی پێدام هاوکارم بێت لە بەدەستهێنانی پاسپۆرت.
 
ماری چووەتە لای لوکاس و کچە هاوڕێکەی و دەستی بەکارکردووە.
 
ماری دەڵێ، دوای چەند هەفتەیەک، لوکاس و کچەهاوڕێکەی، ئاگاداریان کردمەوە کە پێویستیان بە کارمەندە، بەتایبەت بۆ کاری پاسەوانی و خاوێنکردنەوە، منیش راستەوخۆ دایکم، براکەم و باوکمم بەمێشکدا هات کە زۆر نەبوو گەیشتبوونە فەرەنسا.
 
خێزانەکە دەستیان بەکارکردن لەگەڵ لوکاس و کچەهاوڕێکەی کردووە، بەڵام وەک لە سکاڵاکەیاندا دەڵێن، زۆر بەڵێنیان پێدراوە و جێبەجێنەکراوە، بۆ نموونە مووچەیان بەکاش دراوەتێ، بەبێئەوەی بزانن لای دەزگا فەرمییەکان مووچەی ئەوان چەند بووە.
 
خێزانەکە، یاریزانەکەی پاریس سانجێرمان بەناچارکردن بەکارکردن وەک پاسەوان و سیکیوریتی بۆ پاراستنی ماڵەکەی تۆمەتبار دەکەن، هەروەها دەڵێن کاتێک چەند کەسێک هەوڵی دزیکردنیان لە ماڵەکەدا لە کۆتاییەکانی 2024، ئەوان ناچاریانکردین تەقەیان لێ بکەین.
 
گۆڤارەکە دەڵێ، تۆماری کامێرای چاودێریی ماڵەکەمان دەستکەوتووە و روونبووەتەوە قسەی ئەو خێزانە لەبارەی ئەو شەوەی دزی لە ماڵەکە کراوە، دروستە.
 
خێزانە کۆڵۆمبییەکە هەروەها دەڵێن، ئەو یاریزانە و کچەهاوڕێکەی داوایان لێکردوون چەندین رێکەوتنی نهێنی واژۆ بکەن، هەروەها ناسنامەی ئیسپانیی ساختەیان بۆ دروستکردوون.
 
گۆڤارەکە پەیوەندی بە پارێزەری لوکاس و کچەهاوڕێکەیەوە کردووە و ئەو دەڵێ، ئەوان بەتەواوی لە چیرۆکەکە شۆکن، چونکە نازانن چی روویداوە.