ریال مەدرید چاوەڕێی وەڵامی ڤینیسیۆسە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی وەڵامی ڤینیسیۆس جونیۆرە بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
ریال مەدرید دەستەوارەیەکی نوێی بۆ ڤینیسیۆس ناردووە و ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی وەڵامی ئەو یاریزانە دەکات بۆ ئەوەی بڕیاری خۆی بدات، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ڤینییە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "ڤینیسیۆس پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی هەر دوادەخات، هەمووان یارییکردنی ئەویان بەرامبەر مۆناکۆ بینی و پێی دڵخۆشبوون، چێژیان لە ئاستی یاریزانەکە وەرگرت، ئێستا یانەی ریال مەدرید چاوەڕێی بڕیاری ئەو یاریزانە دەکات بۆ ئەوەی بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی رابگەیێنرێت."
گرێبەستی یاریزانە بەرازیلییەکە لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، بەڵام ریال مەدرید نایەوێت بگاتە ئەوەی ناچار بێت بێبەرامبەر دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت، بۆیە دەیەوێت گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، بەڵام هەفتەکان هەر دەڕۆن و هێشتا ڤینیسیۆس ئامادەنییە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە.
رووداوە سەرنجڕاکێشەکەی ئەم هەفتەیە ئەوەبوو، بەر لە یاریی ریال مەدرید بەرامبەر مۆناکۆ، فیکەی ناڕەزایەتی بەرامبەر ڤینیسیۆس لێدرا، بەڵام 60 خولەک تێپەری و یاریزانەکە بەشداریی لە 3 گۆڵدا کرد هەمووان بە ناوی ئەوەوە هاواریان دەکرد.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، کیلیان ئێمباپێ و ماستانتونۆ ستایشی ڤینیسیۆس جونیۆر دەکەن و پێیانوایە ئەو شایەنی پاڵپشتییە نەک بێ رێزیکردن و فیکە لێدان لە دژی.