ماوەی دوورکەوتنەوەی پێدری راگەیێنرا
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، بەشێوەیەکی فەرمی ماوەی دوورکەوتنەوەی پێدری، یاریزانی یانەکەی راگەیاند و ئەو یاریزانە ماوەی مانگێک دادەبڕێت.
بارسێلۆنا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا نووسیوویەتی "دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ پشکنینی بۆ ئەنجامدرا، دەرکەوت پێدری لە ماسوولکەی دووسەری رانی راستیدا تووشی پێکانبووە، لە یاریی بەرامبەر سلاڤیا براگا و بەو هۆیەوە پێویستی بە یەک مانگ هەیە بۆ گەڕانەوە و چاکبوونەوە."
دوای راگەیاندنی ماوەی دوورکەوتنەوەی پێدری لە یاریگەکان، یاریزانەکە لە یارییەکانی بەرامبەر ریال ئۆڤیێدۆ، کۆپێنهاگن، ئێلچی، ئەلباسێتی، مایۆرکا، جیرۆنا و لێڤانتی یاری ناکات.
پێشتر هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا رایگەیاندبوو، چاوەڕێی پشکنین دەبین بۆ ئەوەی بەتەواوی بزانین پێدری چییەتی و هیوادارین ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دوورنەکەوێتەوە.
پێشتر پێدری چەندجارێک تووشی پێکانبووە، زۆرترینجار لە یاریگە دوورکەوتبێتەوە ماوەکەی 103 رۆژ بووە و بەشداریی لە 23 یاریی یانەکەدا نەکردووە، ئەویش لە وەرزی 2021-2022 بوو.
دوایینجار کە یاریزانەکە تووشی پێکانبوو 18-12-2025 بوو و 11 رۆژ لە یاریگەکان دوورکەوتەوە.
پێدری ئەستێرەیەکی دیاری بارسێلۆنایە و دوورکەوتنەوەی لە یاریگەکان کاریگەریی لەسەر پلانەکانی هانزی فلیک دەبێت.