سەرۆکی سەنیگال، یاریزانانی هەڵبژاردەکەی نوقمی پارە دەکات


رووداو دیجیتاڵ

باسیرۆ دیۆمای فای، سەرۆکی سەنیگال، زیاتر لە 130 هەزار دۆلار و پارچەیەکی زەوی لەسەر کەناراوەکانی وڵاتەکە، بەخشییە هەر ئەندامێکی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، پاشئەوەی نازناوی جامی نەتەوەکنای ئەفریقایان بەدەستهێنا و لە یاریی کۆتاییدا لە مەغریبیان بردەوە.
 
فای لە ئاهەنگی پێشوازی لە یاریزانانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە داکار کە هەزاران هاندەر ئامادەیبوون و بەسەر شەقامەکانی وڵاتەکەدا ئاهەنگیان گێڕا، پیرۆزبایی لە یاریزانەکانی کرد.
 
هەڵبژاردەی سەنیگال لە یاریی کۆتایی جامەکەدا، لە پاش یەکسانبوونی هەردوو هەڵبژاردە بەبێ گۆڵ، سەنیگال لە گێمی زیادکراوی یەکەمدا گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات.
 
وەک سەرۆکی سەنیگال ئاشکرایکردووە، هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەی سەنیگالی بەشدار لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا کە ژمارەیان 28 یاریزانە، بڕی 75 ملیۆن فرەنکی ئەفریقی کە دەکاتە زیاتر لە 134 هەزار دۆلار وەردەگرێت.
 
کۆی یاریزانانی هەڵبژاردەکە بڕی 1.2 ملیار فرەنکی ئەفریقی کە دەکاتە 3.7 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەردەگرن. هەر یاریزانێکیش جیا لەوە، پارچە زەوییەکی بەڕووی 1500 مەتر لەسەر کەناراوەکانی داکاری پایتەختی وڵات وەردەگرن.
 
فای هەروەها ئاشکرایکردووە، هەر ئەندامێکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سەنیگال بڕی 50 ملیۆن فرانکی ئەفریقی وەردەگرێت، هەروەها زەوییەک بەڕووبەی 1000 مەتر، لە کاتێکدا ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە بۆ پاڵەوانێتییەکە لە مەغریب، هەریەکەیان 20 ملیۆن فرانکی ئەفریقی و پارچەیەک زەوی بەڕووبەری 500 مەتر وەردەگرن.
 
جیا لەوەش، سەرۆکی سەنیگال بڕیاریداوە هەر کارمەندێکی وەزارەتی وەرزشی وڵاتەکەی بڕی 305 ملیۆن فرانکی ئەفریقی وەربگرێت.
 
سەنیگال یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا ساڵی 2021 نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای بەدەستهێنا، ئەوکات هەر یاریزانێکی هەڵبژاردەکە بڕی 50 ملیۆن فرانکی ئەفریقی و پارچەیەک زەوی بەڕووبەری 200 مەتر پێدرا.
 
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەفریقا رایگەیاندبوو براوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا لە وەشانی 35دا بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەک پاداشت وەردەگرێت.
 
یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەفریقای ئەمساڵ، رووداوی دراماتیکیی زۆری بەخۆوە بینی، پاشئەوەی لە کۆتاییەکانیدا، یاریزانانی هەڵبژاردەی سەنیگال وەک ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەژمارکردنی لێدانێکی سزا لە دژیان، یاریگەیان بەجێهێشت، بەرلەوەی پاش نزیکەی 15 خولەک، بگەڕێنەوە و بەردەوامیی بەیارییەکە بدەن.