بڕیارەکانی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی شەڕی زاخۆ و کەرکووک
رووداو – هەولێر
کۆبوونەوەی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان بەبێ گەیشتنە بڕیاری کۆتایی لەبارەی رووداوەکانی یاری نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و کەرکووک کۆتاییهات و چەند بڕیارێکیش دەرکران.
دوای نزیکەی چوار کاژێر کۆبوونەوە و لێکۆڵینەوە لە رووداوی شەڕ و ئاژاوەی یاری نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و کەرکووک یەکێتی تۆپی پێی کوردستان نەگەیشتە بڕیارێکی یەکلایکەرەوە و کۆبوونەوەکە کۆتاییهات.
دوای کۆبوونەوەکە سەلام حوسێن، سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، هەرچەند نەگیشتینە بڕیاری کۆتایی لەسەر رووداوەکان بەڵام بڕیاردا بە سزادانی یانەی زاخۆ بە ئەنجامدانی سێ یاری لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران، هەروەها ئەنجامدانی دوو یاری لە نێو یاریگەی خۆی بەبێ ئامادەبوونی هاندەران.
حوسێن ئەوەشی راگەیاند، لە بڕیارەکانی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستاندا هاتووە یانەی زاخۆ لەبەرامبەر شکاندنی پاسی یانەی کەرکووک 3 ملیۆن دینار پێی دەژمێردرێت و داواشی لەلایەنە ئەمنییەکان کرد بۆ دۆزینەوەی لایەنی کەمتەرخەم و ئەو کەسانەی بەشداربوون لە رووداوەکەدا لەسەر لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامبم.
لەبارەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕی کۆتایی خولی کوردستان، سەلام حوسێن گوتی، یارییەکان وەک خۆیان بەڕێوەدەچن و یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم گەڕەی خولەکە دەکات.
رۆژی هەینی رابردوو 17-2-2017 لە یاری نێوان هەردوو یانەی زاخۆ و کەرکووک شەڕ و ئاژاوە روویدا و بەشێکی هاندەرانی یانەی زاخۆ و هۆتافی "هیە هیە کەرکووک داعشییە" یان بەرامبەر یانەی کەرکووک بەکارهێنا و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.