پاشا هەمیشە پاشایەتی خۆی دەسەلمێنێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی ریال مەدرید بەرامبەر لیڤەرپوول کردی شتێکی چاوەڕواننەکراو و نائاسایی نییە، ریال مەدرید هەمیشە بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ، تەنانەت ئەگەر لە خراپترین بارودۆخیشیدابێت.
وەرزی رابردوو بەهەمان شێوەی ئێستا ریال مەدرید لە دەرەوەی رکابەرییەکەبوو، بەڵام کەسایەتی، مێژووی، سەنگ و بەهای تیپەکە و ئەزموونی ئەنچێلۆتی لە پاڵەوانێتییەکەدا یانەکەی بردە قۆناخێکی دیکە و تاوەکو بردنەوەی نازناوەکەش نەوەستا، ئەم وەرزەش تاوەکو مانگێک لەمەوبەر و بەتایبەتیش دوای دۆڕانی لە جامی سوپەری ئیسپانیادا زۆربوون ئەوانەی پێیانوابوو ریال مەدرید مردووە و لە دەرەوەی هەموو رکابەرییەکانە، بەڵام دیسانەوە ئەنچێلۆتی هات و گوتی " ریال مەدرید نەمردووە و لە داهاتووشدا دەیبینن"، بەڵێ بینیمان ریال مەدرید رەنگە بکەوێت، بەڵام کە دەگەڕێتەوە بەهێزتر و کاریگەرتر دەگەڕێتەوە.
جیاوازیی ریال مەدریدی پاشای چامپیۆنزلیگ لەگەڵ هەموو یانەیەکی دیکە ئەوەیە کە هەرگیز بە کەم سەیری رکابەرەکەی ناکات، بەڵام لە هیچ بارودۆخێکیشدا ئامادەنییە دەستبەرداری ئەنجامی یارییەکە ببێت، ریمۆنتادا یەک لە دوای یەکەکانی وەرزی رابردوو چامپیۆنزلیگ تاوەکو بردنەوەی نازناوەکە و بردنەوەکەی ئەم وەرزەی بەرامبەر لیڤەرپوول بەڵگەی بەهێزن بۆ ئەوە، بەتایبەت هەر یانەیەک لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە دوای تەنیا 14 خولەکەوە 2 گۆڵی لێبکرێت، وا بە ئاسانی ناتوانێت بگەڕێتەوە نێو کەش و هەوای یارییەکان، بەڵێ ئەمە ریال مەدریدە و تەنیا ئەو ئەمەی پێ دەکرێت.
لە هەموو بردنەوەکانی ئەم دوایەی ریال مەدریددا ناکرێت رۆڵی کاریگەری کارلۆ ئەنچێلۆتی لەبەرچاو نەگرین، بەتایبەتیش کە ریال مەدرید چەند ساڵێکە کەمترین گرێبەستی کردووە، زۆرینەی ئەستێرەکانی تەمەنیان روو لە هەڵکشانە، بەڵام هێشتا بەباشترین ئاستەوە دەردەکەون.
شتێکی دیکە بەر لە یارییەکەی ریال مەدرید بەرامبەر لیڤەرپوول بۆ من زۆر جێگەی سەرنج بوو، ئەویش هەڵوێستی تۆنی کرووس بوو بەر لە یارییەکە، هەرچەند کاتێک لیستی ریال مەدرید راگەیێنرا ناوی کرووسی تێدا نەبوو، بەڵام یاریزانەکە هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ و بۆ یارییەکە خۆی ئامادەکرد و بۆ یارییەکە خۆی گەیاندە لیڤەرپوول، ئەمە دڵسۆزیی یاریزانە بەرامبەر ریال مەدرید، سەیری ڤینیسیۆس بکەن هەرکاتێک گۆڵ دەکات، لۆگۆی ریال مەدرید ماچ دەکات، ئەم ماچکردنە ئەگەر بە چاوی سەر سەیری بکەین شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەگەر لێی وردببینەوە ئەوپەڕی خۆشەویستییە.
بەڵێ ئەمە ریال مەدریدە و عاشقێکی راستەقینەی چامپیۆنزلیگە، وەک گواردیۆلا دەڵێت " تەنیا ریال مەدرید دەتوانێت هەموو ساڵێک نازناوەکە بباتەوە."