بارسێلۆنا پێشەنگی لالیگای لە ریال مەدرید وەرگرتەوە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانی وەرگرتەوە دوای ئەوەی بە ئەنجامی 3-0 لە میوانەکەی، یانەی لیڤانتی بردەوە، لە یارییەکدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە چوارچێوەی گەڕی 25ـی خولەکەدا بەڕێوەچوو.
 
بارسێلۆنا زوو گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد لە رێگەی مارک بێرناڵ لە خولەکی چوارەمی یارییەکەدا کە لە یاریگای 'سپۆتیفای کامپ نو' ئەنجامدرا، هەروەها فرێنکی دی یۆنگ سەرکەوتوو بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی دووەم بۆ بارسێلۆنا لە خولەکی 32ـی یارییەکەدا.
 
هانزی فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری بارسێلۆنا، فێرمین لۆپێز، پێدری و فێران تۆرێسی بە مەبەستی چالاککردنی هێڵی پێشەوەی تیپەکەی هێنایە نێو یاریگا دوای تێپەڕبوونی 66 خولەک، فێرمین لۆپێزی یەدەگیش توانی گۆڵی سێیەم لە خولەکی 81 دا تۆمار بکات.
 
بەم سەرکەوتنە، کۆی خاڵەکانی بەرشەلۆنە بەرزبووەوە بۆ 61 خاڵ و پێشەنگی خولی ئیسپانی وەرگرتەوە، بە جیاوازی یەک خاڵ لە پێش ریال مەدریدی خاوەن پلەی دووەم.
 
بارسێلۆنا سوودی لە دۆڕانەکەی دوێنێ شەممەی ریال مەدرید بینی کە بە دەستی ئۆساسونا و بە ئەنجامی 2-1 لە هەمان گەڕدا تووشی شکست هاتبوو.
 
یانەی لیڤانتی بە 18 خاڵ لە پلەی نۆزدەیەم  دێت، بە تەنیا یەک خاڵ لە پێش ریال ئۆڤیێدۆی خاوەن پلەی بیستەم و کۆتایی ریزبەندییەکەدایە.