پێرێز هەموو تووڕەیی خۆی بەسەر ئەربێلوادا رژاندووە
رووداو دیجیتاڵ
دوای دۆڕانەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئۆساسونا و لەدەستدانی سێ خاڵی گرنگ، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکە زۆر تووڕە دەبێت و سەرچاوەکانی نزیک لە مێرێنگی دەڵێن "پێرێز هەموو تووڕەیی خۆی بەسەر یەک کەسدا رژاندووە".
ریال مەدرید بەئەنجامی 1-2 تووشی دۆڕانێکی سەخت بوو بەرامبەر میواندارەکەی، یانەی ئۆساسونا لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 25ـی خولی ئیسپانیا. یارییەکە مشتومڕێکی زۆری ناوبژیوانی و بڕیارە چارەنووسسازەکانی بەخۆیەوە بینی کە تاوەکو دوایین ساتەکانی یارییەکە کاریگەرییان لەسەر رەوتی یارییەکە هەبوو.
رووبەڕووبوونەوەکە چەندینجار دەستێوەردانی تەکنەلۆژیای ڤیدیۆی بەخۆیەوە بینی، دیارترینیان هەژمارکردنی لێدانێکی سزا بوو بۆ ئۆساسونا دوای پاشەکشەکردن لە پێدانی کارتێکی زەرد بە بودیمێر، کە گۆڵی یەکەمی لێکەوتەوە لە خولەکی 38. دواتر ڤینیسیۆس جۆنیۆر توانی گۆڵی یەکسانبوون بۆ ریال مەدرید تۆمار بکات، بەڵام گۆڵە کوشندەکەی رائول گارسیا لە خولەکی 90+2 سەرکەوتنی بۆ خاوەن یاریگە یەکلاکردەوە.
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەنووسی ئیسپانی، پیپێ ئەلڤارێز، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X ئاشکرایکردووە، دوای لێدانی فیکەی کۆتایی، کەشێکی پڕ لە تووڕەیی بەسەر بەرپرسانی ریال مەدریددا لە شوێنی ڤی ئای پیی یاریگاکەدا زاڵ بووە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە گرژییەکی زۆر لە ناو کارگێڕیی یانەی شاهانەدا هەبووە بەهۆی ئەوەی بە 'خراپ بەڕێوەبردنی یارییەکە' لە ساتە هەستیارەکاندا ناویان بردووە.
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بەوە کردووە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە، بەتووندی لە ئەڵڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری تیپەکە تووڕە بووە بەهۆی بژاردە هونەرییەکانی لە کاتی یارییەکەدا. ئەمەش لەکاتێکدایە کە کۆی خاڵەکانی ریال مەدرید لە 60 خاڵدا وەستا و پێشەنگییەکەی لە لالیگا کەوتووەتە مەترسییەوە.
ریال مەدرید پێشەنگییەکەی لەدەستدەدات ئەگەر رکابەرەکەی، یانەی بارسێلۆنا ئەمڕۆ لە یانەی لێڤانتێ بباتەوە، چونکە ئێستا بارسا 58 خاڵی هەیە. لە بەرامبەردا، ئۆساسونا بەم بردنەوە بەهادارە بە 33 خاڵ سەرکەوت بۆ پلەی نۆیەمی ریزبەندیی لالیگا.