ئەلڤارێز بڕیاری خۆی داوە

رووداو دیجیتاڵ

 

جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری ئەرجەنتینی لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بێزارە و بڕیاری کۆتایی خۆی داوە و دوای مۆندیال روو لە یانەیەکی نوێ دەکات.
 
لە ئەرجەنتینەوە دەنگۆکان لەبارەی داهاتووی جولیان ئەلڤارێز، هێرشبەری نێودەوڵەتی روو لە زیادبوونە و باس لەوە دەکرێت یاریزانەکە بڕیاری داوە دوای کۆتاییهاتنی مۆندیالی داهاتوو، ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە.
 
بەپێی هەواڵێکی رادیۆی لا رێدی ئەرجەنتینی، کە لە هۆگۆ بالاسۆنی، رۆژنامەنووسی ناوداری ئەو وڵاتەی گواستووەتەوە، جولیان ئەلڤارێز بێزاریی خۆی لە دۆخی ئێستای لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدرید نیشانداوە. یاریزانەکە پێیوایە قۆناخی کارکردنی لەگەڵ رۆخی بلانکۆس بەرەو کۆتایی دەچێت و دەیەوێت پەیوەندی بە یانەیەکەوە بکات کە هەلی زیاتری کێبڕکێکردن لەسەر نازناوە گەورەکانی پێببەخشێت.
 
ئەم بڕیارەی ئەلڤارێز لەکاتێکدایە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە مەدریدییەکە تاوەکو ساڵی 2030 بەردەوامە. بەپێی ماڵپەڕی 'ترانسفێر مارکێت' بەهای بازاڕیی ئەم هێرشبەرە دەگاتە نزیکەی 100 ملیۆن یۆرۆ، ئەمەش وایکردووە هەر هەوڵێکی گواستنەوەی پێویستی بە گفتوگۆیەکی ئاڵۆز و ورد لەگەڵ کارگێڕیی ئاتلێتیکۆ مەدرید هەبێت.
 
هاوکات لەگەڵ ئەم دەنگۆیانە، ناوی یاریزانەکە بەتووندی بە یانەی بارسێلۆناوە بەستراوەتەوە. یانە کەتەلۆنییەکە کە سەرقاڵی رێکخستنەوەی هێڵی هێرشبەرییەتی بۆ وەرزی نوێ، بەدوای هێرشبەرێکی کوشندەدا دەگەڕێت کە بتوانێت لە کێبڕکێ گەورەکاندا جیاوازی دروست بکات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەلڤارێز بژاردەی دڵخوازی خۆی دیاری کردووە و یانەی بارسێلۆنای وەک وێستگەی داهاتووی خۆی دوای مۆندیال دەستنیشان کردووە؛ هەنگاوێک کە پێشبینی دەکرێت بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان گەرمتر بکات، ئەگەر بێت و ئارەزووەکە بگۆڕێت بۆ دانوستاندنی فەرمی.