یەکەم قوربانیی دۆڕانەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئۆساسونا

رووداو دیجیتاڵ

دانی سیبایۆسی ناوەڕاستکار، دەبێتە یەکەم قوربانیی شکستە ئازاربەخشەکەی ریال مەدرید بەرامبەر ئۆساسونا لە گەڕی 25ی لالیگا.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردووە، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیداوە دوای ئەو ئاستە بێئومێدکەرەی لە کاتی دۆڕانی یانەکەی بەرامبەر ئۆساسونا بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ تیپەکە پێشانیدا.
 
سەرچاوەکان دەڵێن ئەو شکستە وایکردووە، چارەنووسی دانی سیبیایۆس لەگەڵ یانەکەدا بە رۆیشتن لە تیپەکە کۆتایی بێت.
 
دانی سیبایۆس بە دیارترین زیانمەندی لێکەوتەکانی ئەو شکستە دادەنرێت، دوای ئەوەی هەڵەیەکی ئەنجامدا کە یانە شاهانەکەی لە سێ خاڵی بەنرخ بێبەشکرد لە یاریگای 'ئێل سادار'.
 
ریال مەدرید نزیک بوو لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون و تەنانەت رفاندنی سەرکەوتنیش لە کاتی زیادکراودا، ئەگەر ئەو هەڵە کوشندەیە نەبووایە کە سیبایۆس چەند خولەکێک دوای بەشدارییکردنی ئەنجامیدا. ئەو تەنیا پێنج خولەک یاریی کرد، بەڵام بەس بوو بۆ بەهەدەردانی هەوڵەکانی تیپەکە بۆ گەڕانەوە.
 
ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر، سیبایۆسی هێنایە نێو یاریگا بەمەبەستی سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بەسەر هێڵی ناوەڕاستدا، بەڵام یاریزانەکەی پێشووی ریال بێتیس دوو هەڵەی کاریگەری ئەنجامدا، هەرچەندە هەڵەی یەکەم لێکەوتەی راستەوخۆی نەبوو، بەڵام دووەمیان بووە هۆی تۆمارکردنی گۆڵی یەکلاکەرەوەی ئۆساسونا.
 
بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئەم هەڵەیە بڕیارەکەی پێرێزی خێراتر کردووە کە یاریزانەکە بۆ وەرزی داهاتوو بەردەوام نەبێت، لەگەڵ هەبوونی ئاراستەیەک لەنێو یانەکەدا بۆ فرۆشتنی بەبڕی نزیکەی 10 ملیۆن یۆرۆ.
 
گرێبەستەکەی سیبایۆس تاوەکو هاوینی 2027 بەردەوامە، ئەمەش وادەکات فرۆشتنی لە رووی ئابوورییەوە بژاردەیەکی لۆژیکی بێت لە ژێر رۆشنایی پێشهاتە نوێیەکاندا.