ئیكەر كاسیاس بەدوای تۆڵەوەیە


رووداو – هەولێر

ئیكەر كاسیاس گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید خۆشحاڵیی خۆی بە رووبەڕبوونەوەی یانەكەی بەرامبەر یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەبڕی.

دوای ئەنجامدانی تیروپشكی قۆناخی هەشتەمی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا لە تۆپی پێ، كە تێیدا ریال مەدرید بەرامبەر بروسیا دۆرتمۆند كەوتەوە، ئیكەر كاسیاس گۆڵپارێز و كاپتنی ریال مەدرید خۆشحاڵیی خۆی بۆ یاریكردن بەرامبەر بروسیا دۆرتمۆند دەبڕی و رایگەیاند بە شەوقەوە چاوەڕێی ئەو یارییە دەكات، بۆ ئەوەی بتوانن تۆڵەی خۆیان لەو یانە ئەڵمانییە بكەنەوە.

كاسیاس لەسەر ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وێنەیەكی خۆی داناوە و هەڕەشە لە یانەی دۆرتمۆند دەكات.

وەرزی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە قۆناخی پێشكۆتاییدا بە یانەی دۆرتمۆند دۆڕا، بەڵام كاسیاس پێی وایە ئەم وەرزە هەلی ئەوەهاتووە تۆڵەی خۆیان لەو یانەیە بكەنەوە.
كاسیاس لە وێنەكەیدا كە بڵاویكردووەتەوە، دروشمی یانەی دۆرتمۆندی هەڵگرتووە و لەسەری نووسیوە "تۆڵەكردنەوە".