هەموو شتێک لەسەر دێربیی مەدرید
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ دێربیی مەدریدە و هەردوو گەورە یانەی پایتەختی ئیسپانیا لە چوارچێوەی گەڕی 29ـی لالیگادا لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و سێ خاڵی یارییەکە کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لەسەر رکابەری لەسەر نازناوەکە هەیە.
دێربیی مەدرید یەکێکە لە بەهێزترین و دێرینترین رووبەڕووبوونەوەکانی مێژووی تۆپی پێ، نەک تەنیا لە ئیسپانیا، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهان.
رەگ و ریشەی مێژوویی و کولتووری
* ریال مەدرید ساڵی 1902 دامەزراوە. بە مێژوویی وەک یانەی چینی دەوڵەمەند و دەسەڵاتدار دەبینرێت، نازناوی شاهانە Los Blancos لەلایەن شا ئەلفۆنسۆی سێیەمەوە بە یانەکە بەخشراوە.
* ئاتلێتیکۆ مەدرید دوای ساڵێک و لە 1903 لەلایەن چەند قوتابییەکی باسکییەوە دامەزراوە. مێژوویەکەی زیاتر پەیوەستە بە چینی کرێکار و ئەوانەی دژی دەسەڵاتی باو بوون.
جیاوازییەکان
ململانێکە تەنیا تۆپی پێ نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ململانێی نێوان 'خۆشگوزەرانی و سەرکەوتنی جیهانی' کە گوزارشتە لە ریال مەدرید بەرامبەر بە 'رۆحییەتی جەنگاوەرانە و قوربانیدان' کە گوزارشت لە ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات.
رووبەڕووبوونەوە مێژووییە گەورەکان
رکابەرییەکە لە دەیەی رابردوودا گەیشتە لووتکە، بەتایبەت لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
* فیناڵی لیسبۆن 2014.. دراماتیکیترین سات بوو کاتێک سێرخیۆ رامۆس لە خولەکی 92.48 گۆڵی یەکسانبوونی دژی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا تۆمارکرد، دواتر ریال مەدرید لە دوو گێمی زیادکراودا 4-1 بردییەوە و نازناوی دەیەمی بەدەستهێنا.
* فیناڵی میلان 2016.. جارێکی دیکە لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و ئەمجارەش ریال مەدرید بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە نازناوەکەی بردەوە.
* باڵادەستیی ئەورووپی.. ریال مەدرید لە ساڵانی 2015 و 2017ـەش توانی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە چامپیۆنزلیگ بکاتە دەرەوە.
فەلسەفەی یاری 'سەردەمی سیمیۆنی'
لەو کاتەوەی دیێگۆ سیمیۆنی لەساڵی 2011 بووەتە راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، هاوسەنگیی دێربی گۆڕاوە:
* ئاتلێتیکۆ مەدرید پشت بە چۆلیزمۆ Cholismo دەبەستێت؛ فەلسەفەیەک کە جەخت لەسەر بەرگرییەکی پۆڵایین، رۆحییەتی بەرزی جەنگاوەرانە و هێرشی هەڵگەڕاوە دەکاتەوە.
* ریال مەدرید پشت بە کەسایەتیی بەهێزی یانەکە، کوالێتیی تاکەکەسیی یاریزانەکان و توانای یەکلاکردنەوەی یارییە گەورەکان دەبەستێت لە هەر بارودۆخێکدا بێت.
ئامارە گشتییەکان
* لەڕووی مێژووییەوە ریال مەدرید لە ژمارەی بردنەوەکاندا لە لالیگا، جامی شای ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ لەپێشەوەیە.
* گۆڵکاری مێژوویی دێربی ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە بە تۆمارکردنی 22 گۆڵ.
یاریگاکان
* سانتیاگۆ بێرنابیۆ.. قەڵای سپیپۆشەکان، کە نۆژەنکرایەوە و بووەتە شاکارێکی جوانی ئیسپانیا و ئەورووپا.
* میترۆپۆلیتانۆ.. یاریگای ئاتلێتیکۆ مەدریدە، کە بە کەشوهەوا گەرموگوڕ و پڕ لە جۆش و خرۆشەکەی دەناسرێتەوە.
دۆخی ئێستا
* ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە سەقامگیرییەکی تەواودا نییە و ئەگەرچی بەم دواییە لە چامپیۆنزلیگدا یەکێک لە بەهێزترین تیپەکانی ئەورووپای دەرکرد، کە مانچێستەر سیتییە و خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە لووتکەی ئاستی و هەندێکجار تێبینی هەڵبەز و دابەز لە ئاستەکەیدا دەکرێت. گەڕانەوەی هەردوو ئەستێرەکەی لە پێکان، کیلیان ئێمباپێ و جود بێلینگهام هێزێکی زیاتر بە تیپەکە دەبەخشن.
* ئاتلێتیکۆ مەدرید، کە لە بازاڕی گواستنەوەکاندا کۆمەڵێک یاریزانی نوێی گواستووەتەوە، ئەویش وەک ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگدا خۆی گەیاندووەتە قۆناخی هەشت و هیواخوازە لەم یارییەدا لە ریال مەدریدی بباتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە رکابەریی بارسێلۆنا و ریال مەدرید لە لالیگادا دوورنەکەوێتەوە و بۆ ئەوەی ببێتە هاندەرێکیش بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا بەوڕەیەکی بەرز لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگدا.
* ریال مەدرید تاوەکو ئێستا 66 خاڵی لە لالیگادا کۆکردووەتەوە و بەجیاوازی 4 خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە. زۆر پێویستە ئەمڕۆ لەسەر یاریگای خۆی و بەرامبەر هاندەرانی دێربیی مەدرید بباتەوە، چونکە دۆڕاندن واتا تا راددەیەک خۆبەدەستەوەدان بەرامبەر بارسێلۆنا.
* ئاتلێتیکۆ مەدریدیش 57 خاڵی هەیە و پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە، بردنەوە بۆ ئەو واتا تا راددەیەک گەڕانەوە بۆ نێو رکابەرییەکە، بەڵام دۆڕاندن واتا بێهیوابوونی یەکجارەکی لە لالیگا.
* هەر چۆنێک بێت هەردوو یانەکەی مەدرید دوایین دوو یارییەکانیان لە لالیگادا بردووەتەوە و ئەمڕۆ ئامانجی هەردووکیان بردنەوەیە، چونکە یەکسانبوون لە بەرژەوەندی رکابەریی یەکەمیانە، کە بارسێلۆنایە.