یاریی کۆتایی کارابا و کەپ.. مامۆستا بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و قوتابی بۆ مێژوو یاری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کاژێر 19:30 بە کاتی باشووری کوردستان، هەردوو یانەی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی لەسەر یاریگای وێمبلی لە لەندەن یاریی کۆتایی کاراباو کەپ ئەنجام دەدەن و هەردوو یانە بەسەرکردایەتی دوو راهێنەر، کە بە مامۆستا و قوتابیی یەکدی ناسراون، هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە دەدەن.
گەڕانەوەی متمانە بۆ گواردیۆلا یان خاڵی دەستپێکی مێژوویی بۆ ئارتێتا
هەموو یارییەکی کۆتایی تەنیا بە بەهای نازناوەکە ناپێورێت، بەڵکو هەندێک یاری قورسایی خۆیان لەو وردەکارییانەوە وەردەگرن کە پێش یارییەکە دەگوزەرێن. رووبەڕووبوونەوەی ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی لە یاریی کۆتایی کاراباو کەپی ئینگلتەرا، ئەمجارە جیاواز دەردەکەوێت؛ نەک تەنیا لەبەرئەوەی یەکەم نازناوی وەرزی 2025-2026 دەبەخشێت، بەڵکو چونکە هەژموونێکی کۆن و ئامانجێکی نوێ رووبەڕووی یەک دەکاتەوە.
ئەم پاڵەوانێتییە زۆرجار وەک پەراوێزێک لەچاو خولی ئینگلیزی و چامپیۆنزلیگ دەبینرێت، بەڵام ئەم وەرزە قورساییەکی زیاتری هەیە، چونکە ململانێی نێوان دوو بەهێزترین تیپی ئێستای ئینگلتەرایە.
مامۆستا دژی قوتابییەکەی
* پێپ گواردیۆلا، کە خاوەنی 4 نازناوی ئەم پاڵەوانێتییەیە، رووبەڕووی تیپەکەی میکێل ئارتێتا دەبێتەوە. ئارسیناڵ دەمێکە تامی ئەم نازناوەی نەکردووە و دەیەوێت بیکاتە سەرەتایەک بۆ سەردەمێکی نوێ لە چنینەوەی دەستکەوتەکان. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: ئایا ئەمڕۆ دەبێتە خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی بۆ ئارسیناڵ، یان مانچێستەر سیتی جارێکی دیکە باڵادەستیی خۆی بەسەر تۆپی پێی ئینگلتەرادا دەسەپێنێتەوە؟.
ئایا ئارسیناڵ کۆتایی بە هەژموونی مانچێستەر سیتی دەهێنێت؟
ئەگەر دیمەنێک هەبێت لە 10 ساڵی رابردوودا هەمووان راهاتبن لەسەری، بینینی یاریزانانی مانچێستەر سیتییە لەسەر سەکۆی نازناوەکان. لەوەتەی پێپ گواردیۆلا لە 2016ـەوە ئەرکی راهێنانی گرتووەتە دەست، مانچێستەر سیتی دروێنەی نازناوەکانی کردووە:
* 6 نازناوی پرێمەرلیگ
* 4 جامی کاراباو
* 2 جامی یەکێتی ئینگلتەرا
* چامپیۆنزلیگ، سوپەری ئەوروپا و مۆندیالی یانەکان
لەم بەرەی دیکەدا، ئارسیناڵ لەژێر سەرپەرشتی ئارتێتادا هێشتا نەبووەتە میوانی هەمیشەیی سەر سەکۆکان و تەنیا یەک جامی یەکێتیی ئینگلتەرای لە 2019-2020٠ بردووە. بەڵام تۆپچییەکان ئەم وەرزە چاویان لە چوار نازناوە.
گرێکوێرەی 33 ساڵە
ئارسیناڵ لەساڵی 1993ـەوە، واتا پێش 33 ساڵ، نازناوی کاراباو کەپی بەدەستنەهێناوە. لەو ماوەیەدا 3 جار گەیشتووەتە فیناڵ و هەمووشی دۆڕاندووە 'بەرامبەر چێڵسی، بێرمینگهام سیتی و مانچستەر سیتی'. ئێستا دەبێت رووبەڕووی تیپێک ببێتەوە کە لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2021، شەش جار ئەم نازناوەی بردووەتەوە.
ئامارەکان و فاکتەری ئەزموون
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئۆپتا، هەرچەندە ئارسیناڵ لە خولدا لە پێشەوەیە، بەڵام یارییەکانی کۆتایی لۆژیکێکی دیکەیان هەیە. پێپ گواردیۆلا خاوەنی ئەزموونێکی بێپایانە لە بەڕێوەبردنی یارییە چارەنووسسازەکاندا، ئەمەش فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە، بەڵام مێژوو دەریخستووە سوپرایز هەمیشە ئەگەرێکی کراوەیە، وەک چۆن مانچێستەر سیتی وەرزی رابردوو فیناڵی جامی یەکێتیی بە کریستاڵ پاڵاس دۆڕاند.
* ئایا ئارتێتا دەتوانێت لەم تاقیکردنەوە گەورەیەدا بەسەر مامۆستاکەیدا سەرکەوێت و مێژوویەکی نوێ بۆ لەندەنییەکان بنووسێتەوە؟.