ڤیدیۆ؛ سەفین یاسین لە رێگەی رووداو سپۆرتسەوە مژدەیەکی خۆش دەداتە هاندەرانی یانەی هەولێر
رووداو دیجیتاڵ
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو سپۆرتس، رایگەیاند کە ئامانجی ئەوان رکابەریکردنە لەسەر نازناوی خولی عێراق و مژدەی ئەوەی بە هاندەرانی یانەی پایتەخت دا، کە پارێزگاری لە ئەستێرەکانی وەک شێرزوود تێمیرۆڤ و مستەفا قابیل دەکات و کار بۆ مانەوەیان دەکەن.
سەرۆکی یانەی هەولێر سەرەتا بەجلی کوردییەوە پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و نەورۆزی لەگەڵی کورد کرد و هیوای خواست ئاشتی باڵ بەسەر جیهان و بەتایبەتی کوردستان بکێشێت و خۆشی و ئارامی روو لە کوردستان و ناوچەکە بکات.
سەفین یاسین لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو سپۆرتس، باسی یاریی ئەمجارەیان بەرامبەر دیالە کرد و رایگەیاند ئەم یارییە زۆر گرنگە، چونکە بە بردنەوە دەچنە پلەی دووەمی ریزبەندیی و گوتی "ئێمە دەمانەوێت رکابەری بکەین، بۆیە زۆر پێویستە ئەو یارییە ببەینەوە".
سەرۆکی یانەی ئیمپراتۆر لە رێگەی رووداو سپۆرتەوە پەیامێکی بۆ هاندەرانی یانەکەی نارد و هیوای خواست ئامادەی یارییەکە ببن، چونکە وەک خۆی گوتی ئەوان هەمیشە پێویستییان بە هاندەرانیان هەیە بۆ پاڵپشتیکردن لە یانەکەیان.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداو سپۆرتس لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستی هەندێک لە ئەستێرەکانیان، کە ماوەی گرێبەستەکانیان بەرەو تەواوبوونە، وەک شیرزوود و مستەفا قابیل؟ سەفین یاسین دووپاتیکردەوە کە پێویستە کار بۆ پاراستنی ئەو ئەستێرانە بکرێت.
ئەو هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئەگەر لە وەرزی داهاتوودا وەک سەرۆکی یانەی هەلێر بمێنێتەوە یان بڕوات، هەر بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە یانەی شارەکەی.