ئەمڕۆی خولی نایابی کوردستان.. هەندرێن دەیەوێت بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی

رووداو دیجیتال 

ئەمڕۆ پێنجشەممە یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی کۆتایی خولی یانە نایابەکانی کوردستان بەڕێوەدەچن.

لە شاری هەولێر یانەی هەندرێن میوانداری یانەی برایەتی دەکات، چاوەڕوانی ململانێیەکی بەهێز دەکرێت، لەبەرئەوەی هەندرێن دەیەوێت بەردەوام بێت لە سەرکەوتنەکانی و یانەی برایەتیش تامەزرۆی بردنەوەی یەکەم نازناوی خولی نایابی کوردستانە.

مەحموود مەجید، راهێنەری یانەی برایەتی لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "تیپەکەمان لە ئامادەباشیدایە و هەموو هەوڵێکمان بۆ بردنەوەی یارییەکەیە، راستە ئەرکمان ئاسان نییە، بەڵام خوێندنەوەمان بۆ خاڵی بەهێز و لاوازی تیپی بەرامبەرمان کردووە".

یانەی زاخۆ رکابەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، زاخۆ کە ئاستێکی باشی پێشکەش نەکردووە، ئەرکی قورسە کاتێک میوانداری پێشمەرگەی هەولێری خاوەن دوو نازناوی خولی نایابی کوردستان دەکات، لەبەرئەوەی پێشمەرگەی هەولێر لە قۆناخی کۆتاییدا تامی هیچ سەرکەوتنی نەکردووە و تینووی سێ خاڵی یارییەکەیە.

لە گەرمیان یانەی شێروانە دەیەوێت درێژە سەرکەوتنەکانی بدات، کوڕانی شێروانە رووبەڕووی کوڕانی سیروانی نوێ دەبنەوە، سیروانی نوێ خاوەن راهێنەرێکی بە ئەزموون و پێکهاتەیەکی بەهێزە، لەگەڵ ئەوەشدا یانەکەی گەرمیانیش خوازیاری سەرکەوتنە و یاریزانەکانی لەو پێناوەدا هەموو کۆششەکانیان دەخەنەگەڕ.